دوو کۆلێژی نوێ لە زانکۆی ئاکرێ دەکرێنەوە

زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان
زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان

هەردوو کۆلێژی زانستی ئەندازیاریی کشتوکاڵی و یاسا بۆ جاری یەکەم لە  زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان دەکرێنەوە؛ بەم پێیەش زانکۆکە دەبێتە خاوەنی پێنج کۆلێژ. 

ئەمڕۆ سێشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2025، د. لوقمان سەعید، گوتەبێژی  زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان، بە ئاری حوسێن، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "هەردوو کۆلێژی نوێی یاسا و زانستیی ئەندازیاریی کشتوکاڵی، بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2025-2026، لە زانکۆکەمان دەکرێنەوە؛ ئەمەش دوای وەرگرتنی ڕەزامەندیی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان."

گوتەبێژی زانکۆی ئاکرێ باسی لەوەش کرد "کۆلێژی زانستی ئەندازیاریی کشتوکاڵی لە قەزای بەردەڕەش دەکرێتەوە و سێ بەشی سەرەکی لەخۆدەگرێت: سامانی ئاژەڵ، زانست و تەکنەلۆژیای خۆراک، و ڕەزگەری." گوتیشی "ئەم کۆلێژە خواستێکی زۆری لەسەرە، چونکە ناوچەکە بە ناوچەیەکی کشتوکاڵی ناسراوە."

د. لوقمان سەعید جەختی کردەوە "کردنەوەی کۆلێژی یاسا لە ناوەندی شاری ئاکرێ، کارئاسانییەکی گەورە بۆ خەڵکی ناوچەکە دەکات و چیتر پێویست ناکات بۆ خوێندنی یاسا ڕوو لە دەرەوەی شارەکەیان بکەن."

ژمارەی کۆلێژ و پەیمانگانەکانی زانکۆی ئاکرێ دوای کردنەوەی ئەم دوو کۆلێژە نوێیە:

*   کۆلێژی پەروەردە

*   کۆلێژی تەکنیکی

*   کۆلێژی یاسا (نوێ)

*   کۆلێژی زانستی ئەندازیاری کشتوکاڵی (نوێ)

*   کۆلێژی ئینفۆرماتیک

* پەیمانگەی تەکنیکیی ئاکرێ

* پەیمانگەی تەکنیکیی بەردەڕەش

 

گوتەبێژی زانکۆی ئاکرێ ئاماژەی بەوەدا، زانکۆکە ئامادەکاریی زۆر باشی بۆ ساڵی نوێی خوێندن کردووە و بۆ ئەمساڵ توانای وەرگرتنی 1650 قوتابییان هەیە، لە کاتێکدا ستانداردی وەرگرتن بۆ بەشە زانستییەکان لە نێوان 40 بۆ 50 قوتابیدایە.

شایەنی باسە، زانکۆی ئاکرێ دوو ساڵ لەمەوبەر بە فەرمانێکی ڕاستەوخۆی سەرۆک وەزیران،مەسرور بارزانی، دامەزراوە و لەو کاتەوە بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ فراوانکردنی بواری خوێندن لە ناوچەکەدا. 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment