کۆمپانیای 'DNO' پێشوازی لە ڕێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەکات

کۆمپانیای 'DNO' پێشوازی لە ڕێککەوتنە سێقۆڵییەکەی تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2025، کۆمپانیای نەوت و غازی نەرویجی (DNO) لە ڕاگەیەنراوێکدا پێشوازی لـە ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی فیدراڵی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵێک کۆمپانیای نێودەوڵەتیی نەوت دەکەن، بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی خاوی بەرهەمهێنراوی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیاوە.
کۆمپانیاکە جەختی کردەوە کە بەردەوام خوازیاری دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن بووە، بەڵام بەپێی ئەو ڕێککەوتنانەی کە دڵنیاییی پارەدان بۆ قەرزە کەڵەکەبووەکانی ڕابردوو و هەناردەی داهاتوو مسۆگەر دەکەن، ئەمەش لەسەر بنەمای مەرجە یاسایی، ئابووری و بازرگانییەکانی گرێبەستەکانی بەرهەمهێنانی هاوبەش کە لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیەتی.
کۆمپانیاکە باسی لەوەش کردووە، خەرجییەکانیان بۆ چاککردنەوەی ئەو زیانانە زیاد کردووە کە بەهۆی هێرشە درۆنییەکانی مانگی تەممووزی 2025 گەیشتووەتە کێڵگەکانی تاوکێ و پێشخابوور. هەروەها پلانی وەبەرهێنانی زیاتر هەیە بۆ لێدانی هەشت بیری نوێ لە مۆڵەتی تاوکێ لە ساڵی 2026، کە ئامانج لێی گەیشتنە بە ئاستی بەرهەمهێنانی گشتی تا 100 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا.
دوێنێ دووشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵیی عێراق و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت، لەسەر میکانیزم هەناردەکردنەوەی نەوت گەیشتنە ڕێککەوتن.
چاوەڕێ دەکرێت لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ڕێککەوتنە سێقۆڵییەکە لە لایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵەوە ڕابگەیەنرێت و دواتر وردەکارییەکەی بڵاوبکرێتەوە.
هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئاداری ساڵی 2023 وەستا، دوای بڕیارێکی دادگەیەکی ناوبژیوانی لە پاریس کە ڕایگەیاند تورکیا لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2018 بەبێ ڕەزامەندیی حکوومەتی فیدراڵی عێراق، نەوتی هەرێمی کوردستانی هەناردە کردووە.
دادگاکە بڕیاری دا تورکیا وەک قەرەبوو 1.5 ملیار دۆلار بدات بە بەغدا. هەرچەندە تورکیا تانەی لە بڕیارەکە داوە و هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە، بەڵام ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت ڕاگەیاندووە.
عێراق لە ئێستادا دووەم گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوتە لە ڕێکخراوی ئۆپێک و ڕۆژانە 3.4 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو لە بەندەرەکانی باشوورەوە هەناردە دەکات.