پرۆگرامی نوێی خوێندن، پەیوەندیی نێوان قوتابییانی پەنابەر و ناوخۆ بەهێزتر کردووە

قوتابییانی پەنابەر لە هەرێمی کوردستان کە لە کەمپەکاندا دەخوێنن، پێشوازی لە گۆڕینی پرۆگرامی خوێندنەکەیان بۆ زمانی کوردی دەکەن.

هاوکات لەگەڵ لێدانی یەکەم زەنگی ساڵی نوێی خوێندن، لە قوتابخانەکانی کەمپی پەنابەران، گۆڕانکاری لە سیستەمی خوێندن و پرۆگرامی خوێندنی قوتابیاندا کراوە. پرۆگرامی خوێندنی قوتابیانی پەنابەر کە پێشتر بە زمانی عەرەبی بوو، ئێستا گۆڕاوە بۆ زمانی کوردی.

لەم چوارچێوەیەدا، مامۆستا سۆزان حەمۆ، کە لە یەکێک لە قوتابخانەکانی کەمپەکان وانە دەڵێتەوە، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم گۆڕانکارییە یارمەتیدەرێکی گەورەیە بۆ ئەو قوتابییانەی پێشتر بەهۆی جیاوازیی زمانەوە تووشی کێشە دەبوونەوە. ئەو گوتی: "پێشتر قوتابییەکانمان بە زمانی عەرەبی دەیانخوێند و ئێستا فێری کوردی دەبن. ئەمە بۆ دایک و باوکانیش گرنگە، چونکە زۆربەیان توانای ماددییان نییە منداڵەکانیان بنێرنە خولی تایبەت بۆ فێربوونی زمان."

لەلایەکی دیکەوە، مامۆستا چیمەن ساڵح جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، ئەم پرۆگرامە بووەتە هۆی تێکەڵاوبوون و دروستبوونی پەیوەندییەکی باش لەنێوان قوتابیانی پەنابەر و قوتابییانی خەڵکی هەرێمی کوردستان. ئاماژەی بەوەش دا: "قوتابییانی پەنابەر و قوتابیانی خۆمان پێکەوە دەخوێنن و چالاکی ئەنجام دەدەن، ئەمەش وای کردووە پەیوەندییەکی زۆر باش لەنێوانیاندا دروست ببێت."

ئەم هەنگاوە بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) و ئەنجوومەنی نەرویجی بۆ پەنابەران (NRC) ئەنجام دراوە. لیلی کارلایل، بەرپرسی پەیوەندییەکان لە UNHCR، ڕایگەیاند: "ئەم پرۆگرامە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان لە هەولێر، دهۆک و سلێمانی جێبەجێ دەکرێت و ئامانج لێی پشتگیریکردنی تێکەڵاوبوونی قوتابیانی پەنابەرە لەناو سیستەمی خوێندنی هەرێمدا."

بەپێی ئامارەکان، لە ساڵی خوێندنی 2021-2022، سیستەمی خوێندن بۆ پەنابەران گۆڕدرا بۆ زمانی کوردی. لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 50 هەزار قوتابی پەنابەر دەخوێنن، کە 75%یان منداڵی پەنابەرن. بۆ ئەمساڵی خوێندنیش، نزیکەی 5 هەزار قوتابی نوێ بەشدارییان لە خولەکانی فێربوونی زمانی کوردیدا کردووە.

 
 
Fly Erbil Advertisment