ڕافایل گرۆسی: ئێران هێشتا توانای پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمی هەیە

ڕۆژنامەی 'تایمز'ـی بەریتانی لەسەر زاری ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بڵاویکردەوە، ئێران هێشتا توانای پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی هەیە.
ڕافایل گرۆسی ئاماژەی بەوەش کرد، هێشتا حکوومەتی ئێران ئامرازەکانی دروستکردنی ئەو سەنتەر فیوجانەی هەیە کە پێویستن بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم.
گرۆسی ڕوونیشی کردەوە، پشکنینەکان لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەستی پێ کردۆتەوە، بەڵام هێشتا ڕێگە بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی نەدراوە دەستی بگات بە یۆرانیۆمی پیتێنراوەکانی ئێران کە لەسەدا 60 ـە.
ڕافایل گرۆسی ڕاشیگەیاندووە، هێرشەکەی سەرەر دامەزراوەی ئەتۆمی فۆردۆ لەلایەن ئەمەریکاوە، کاریگەریی زۆری هەبووە و نزیکەی هەموو ئامێرە گرنگەکانی لەناوبردووە.
سەنتەرفیوجەکان تەکنەلۆژیای سەرەکییە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم، تا ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم زیاتر بێت، دەتوانرێت زیاتر یۆرانیۆم بۆ مەبەستی مەدەنی وەک توێژینەوە و وزە یان مەبەستی سەربازیی بەکاربهێنرێت.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوونی ئێران بە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکان، پشکنینی بەردەوام ئەنجام دەدات، بەڵام سنووردارکراوە لە دەستڕاگەیشتن بە هەندێک کۆگای ئەتۆمی.
بەردەوامی پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، گرژییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان زیاتر دەکات و دانوستان و چاودێریکردنی هەوڵەکانی پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی دەخاتە بەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
ئێران لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستی بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی کردووە کە بریتییە لە توێژینەوە و کورەی پیتاندن و بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراو. ئەم بەرنامەیە بەهۆی نیگەرانییەکانی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی بووەتە جێگەی مشتومڕی نێودەوڵەتی بەردەوام .