خامنەیی دەرگای دانوستان بەڕووی ئەمەریکا دادەخات

عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران ڕایگەیاند، دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا بەبنبەست گەیشتووە و هیچ هەوڵێکی دانوستان لە بەرژەوەندیی ئێران نەماوە.

ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران بڵاوکرایەوە، دوا هەڵوێستی وڵاتەکەی ڕایگەیاند و بە هەموو جۆرێک دانوستانی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئەمەریکا ڕەتکردەوە، گوتی: ئەمە دوا چانسی ڕێگرییە لە دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێران.

خامنەیی گوتیشی "ئێران بە هیچ جۆرێک لە بابەتی پیتاندنی یۆرانیۆم، ملکەچی گوشارەکانی ئەمەریکا نابێت، دەشڵێت: تاران بەهیچ شێوازێک نیازی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆم نییە."

ڕاشیگەیاند، لەم بارودۆخەی ئێستادا هەر جۆرە دانوستانێک لەگەڵ ئەمەریکا، تەنیا لەبەرژەوەندی سەرۆکی ئەو وڵاتەیە و جگە لە زیان هیچ سوودێکی بۆ ئێران نابێت، چونکە دەیکاتە دەستکەوتێک خۆی پێ دەنوێنێت، وەک ئەوەی بە زەبری هێز و هەڕەشە، ئێرانی بۆ گەڕانەوەی سەر مێزی دانوستان ناچار کردبێت.

ئەم قسانەی ڕێبەری باڵای ئێران لە کاتێکدایە، سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران، مەسعود پزیشکیان بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان چووەتە نیویۆرک، بەڵام ئەم هەڵوێستەی خامنەیی ڕێگری دەکات لە ئەگەری دروستکردنی هەر پەیوەندییەک لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا.

ئەم پەیامە ڤیدیۆییەی ڕێبەری باڵای ئێران چەند کاتژمێرێک دوای لێدوانەکانی ترەمپ دێت، کە وەکوو ئاماژەیەک بۆ ئێران و چەکی ئەتۆمی، گوتی "بە هیچ جۆرێک ڕێگە بە گەورەترین پاڵپشتیکاری تیرۆر نادەین، مەترسیترین چەکی جیهانی بەدەستەوە بێت".

هەر لە پەیامەکەیدا، خامنەیی جەختی لە یەکگرتوویی گەلی ئێران کردەوە و دەڵێت؛ یەکگرتوویی و یەکپارچەیی گەلی ئێران ڕۆڵێکی کارا و گەورەی هەبوو لە شکست پێهێنانی پیلانگێڕی دەستدرێژیکاران، هەربۆیە بەهێز مانەوەی ئەم یەکگرتووییە کاریگەری باشتری دەبێت.

 
Fly Erbil Advertisment