لەبەغدا دوو تۆمەتبار بە کوشتنی ئەکبەر حاجی ڕۆستەم دەستگیرکران

چوارشەممە، 24ـی ئەیلوولی 2025، دوو تۆمەتباری بەڕەگەز عەرەب لەسەر کوشتنی ئەکبەر حاجی ڕۆستەم دەستگیر کران.

جمهور حاجی ڕۆستەم، برای ئەکبەر حاجی ڕۆستەم ڕایگەیاند، دوو تۆمەتباری بەڕەگەز عەرەب لەسەر کوشتنی براکەی لە فڕۆکەخانەی بەغدا دەستگیر کراون.

جمهور حاجی ڕۆستەم بە کوردستان24ـی گوت: دوو کەس بە ماتۆڕسکیل چاودێری ئەکبەر حاجی ڕۆستەمیان کردووە کە بکوژی سەرەکی ناوی 'عەزیز عەبدولحوسێن بەرغومە' و بەڕەگەز عەرەبە، پێشتر لە ناوچەکە کاری کردووە.

گوتیشی: بکوژەکە لەو کاتەی ئەکبەر حاجی ڕۆستەم بەنزینی لە ئۆتۆمبێلەکەی کردووە چاودێری کردووە، کاتێک بینیویەتی چەکی پێ نییە، پێش ئەکبەر گەیشتووەتە شوێنی ڕووداوەکە، دواتر بە سێ فیشەک ئەکبەر حاجی ڕۆستەمی کوشتووە و ئۆتۆمبێلەکە و مۆبایلەکەی بردووە و هەڵاتووە.

ئاماژەی بەوەش داوە، بکوژ کاتێک ئۆتۆمبێلەکەی بردووە و چووەتە 12ئیمام لەوێشەوە بۆ سەرچەم، لەوێشەوە بۆشاییەکی ئەمنی هەیە بەو بۆشاییە چووەتە ناحیەی جەبارە و دواتر چووەتە بەغدا، هەر بەگوێرەی زانیارییەکان دوێنێ ئۆتۆمبێلەکەی فرۆشتووە و پاسپۆرتەکەی ئامادە کردووە و چووەتە فڕۆکەخانەی بەغدا تاوەکوو عێراق جێبهێڵێت.

دەشڵێت: هێزە ئەمنییەکان توانییویانە لەنێو فڕۆکەخانەکە بکوژەکە و هاوکارەکەی دەستگیر بکەن.

شەوی 22ـی ئەیلوولی 2025، ئەکبەر حاجی ڕۆستەم کەسایەتی کۆمەڵایەتی کفری و ناوچەی گەرمیان و کادیری دیاری پارتی دیموکراتی کوردستان، لە نێو باخی خۆیدا لە گوندی ئۆمربل کوژرا.

مەسعود حەیدەر، برازای ئەکبەر حاجی ڕۆستەم بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، هۆکاری کوشتنی ئەکبەر حاجی ڕۆستەم نەزاندراوە، گوتیشی: دوای کوشتنی، ئۆتۆمبێلەکەی ئەکبەر حاجی ڕۆستەم بردراوە.

کوڕەکانیشی ڕەتیانکردەوە، باوکیان لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی کوژرابێت.

ڕۆژی سێشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2025، علی جەمال قدووری گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، دوای ئەوەی لە حاڵەتێکی کوشتن لە گوندی ئۆمەربل سەربەناحییەی سەرقەڵا ئاگادار کراینەوە، دەست بەجێ مەفرەزەمان چونەتە شوێنی ڕوداوەکە و دەرکەوت هاووڵاتی ( ئەکبەر ڕۆستەم محەممەد ) ناسراو بە ئەکبەر حاجی ڕۆستەم لەدایکبووی 1955، لەنێو زەویە کشتووکاڵیەکەی خۆی کوژراوە و ئاسەواری فیشەک بەسەر جەستەیەوە بوو.

 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment