دەم پارتی هەڵمەتێکی بۆ پێدانی "مافی هیوا" بە ئۆجالان دەستپێکردووە
لە شاری دیاربەکری باکووری کوردستان، دەم پارتی بە دروشمی "ئێمە ئاشتی دەخوازین"، چالاکییەکی جەماوەری ئەنجامدا و هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی ئاشتی و چارەسەری پرسی کورد ڕاگەیاندووە.
لە چالاکییەکەدا کە ژمارەیەک لە پەرلەمانتار و بەرپرسی باڵای دەم پارتی و هاووڵاتییان بەشداربوون.
لە چوارچێوەی چالاکییەکەدا، دەم پارتی دەستی بە کۆکردنەوەی واژۆ کرد بۆ پێشکەشکردنی بە پەرلەمانی تورکیا، بە مەبەستی جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی گرتنەبەری هەنگاوی کرداری بۆ ئاشتییەکی سەرتاسەری و هەمیشەیی. یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی کەمپینەکە، داننانە بە "مافی هیوا" بۆ عەبدوڵڵا ئۆجالان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، وەک هەنگاوێک بۆ کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ و چارەسەری.
دۆغان هاتون، هاوسەرۆکی شارەوانیی گەورەی ئامەد، لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان ڕایگەیاند: "ئێمە بانگەواز لە دەوڵەتیش دەکەین. شەڕ بۆ هەموو لایەک زیانبەخشە. ئەم شەڕە ماوەی 50 ساڵە بەردەوامە و گەلی کورد 40 ساڵە بۆ ئاشتی تێدەکۆشێت، نەک بۆ وێرانکاری." هەروەها گوتیشی: "ئەو ئاستەی پێیگەیشتووین هیوا بەخشە بۆ هەموو گەلان تا پێکەوە بە شکۆمەندی بژین. پێویستە دەوڵەت هەنگاوی نوێ بهاوێت بۆ ئەوەی چیتر کەس نەبێتە هۆی دروستکردنی ناکۆکی لەنێوان کورد، تورک، عەرەب و فارسدا."
بەشداربووانی دیکەی چالاکییەکەش جەختیان لەوە کردەوە کە چیتر ڕێگایەک جگە لە ئاشتی بوونی نییە و پێویستە هەموو لایەنەکان بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەستۆ بگرن بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە شێوەیەکی دروست بەڕێوەبچێت.
بەرپرسانی دەم پارتی ئاماژەیان بەوە کرد کە چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا قۆناغێکی نوێ دەستپێبکات و تا مانگی تشرینی یەکەم (مانگی 10) هەنگاوی کرداری لە چوارچێوەی ئەم پرۆسە نوێیەدا ببینرێت.