دەزگای خێرخوازی بارزانی پێداویستی خوێندن بەسەر قوتابیاندا دابەش دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ـی ئەیلوولی 2025، ستاف ئاسۆ، بەرپرسی نووسینگەی هەولێر لە دەزگای خێرخوازی بارزانی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دەزگاکەیان چەندان پرۆژەی پەروەردەیی هەیە، چونکە سێکتەری پەروەردە یەکێکە لەو سێکتەرە گرنگانەی کە دەزگای خێرخوازی بارزانی کاری تێیدا کردووە.

ستاف ئاسۆ ئاماژەی بەوەدا، "ئێمە لە چوار ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 253 قوتابخانەمان نۆژەن کردووەتەوە یان دروستمان کردووە، یاخود چەند پۆلێکی خوێندنمان بۆ زیاد کردووە، تاوەکوو ئەو قوتابخانانەی پێویستییان بە نۆژەنکردنەوە و زیادکردنی پۆلە، هاوکارییان بین و لە خزمەتییان بین." هەروەها جەختی کردەوە، هەموو ئەم کارانە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بووە.

ڕوونیشیکردەوە، "ئێمە ساڵانە دەست بە دابەشکردنی جانتا و پێداویستییەکانی قوتابیان دەکەین. ئەمڕۆش خۆشحاڵین کە لە خزمەت پێکهاتەیەکی گرنگی هەرێمی کوردستانین، ئەویش پێکهاتەی تورکمانە. بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی پێکهاتەی تورکمان لەناو وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەیەکەوە سەرپەرشتی ئەم هەڵمەتە دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین پێداویستی خوێندن بۆ قوتابیان دابین بکەین."

ستاف ئاسۆ ڕاشیگەیاند، ئەم هەڵمەتە درێژەی دەبێت و دەزگای خێرخوازی بارزانی زیاتر لە پێنج هەزار جانتای خوێندنی بۆ قوتابیان ئامادە کردووە. پاکێجەکان ئەمڕۆ بەسەر 10 قوتابخانەی تورکمانیدا دابەش دەکرێن. ئاماژەی بەوەشدا، لە ڕۆژانی داهاتووشدا ئەم هەڵمەتی دابەشکردنە لە قوتابخانەکانی دیکەش بەڕێوەدەچێت، بە نموونە وەک مەخموور و دیبەگە، هەروەها لە سەنتەری شار و دەرەوەی شار.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment