کۆچەر ئەکبەر: باوکمان سکاڵای لەسەر ئێمە تۆمارنەکردووە

کۆچەری کوڕی ئەکبەر حاجی ڕۆستەم، ئاماژە بەوە دەکات، تاوەکوو ئێستا سکاڵامان لەسەر کەس تۆمار نەکردووە، چاوەڕێی لێکۆڵینەوە هێزە ئەمنییەکان دەکەین.

کۆچەر ئەکبەر، ئەمڕۆ سێشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2025، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: چاوەڕێ لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکان دەکەین بۆ ئاشکراکردنی تاوانبارانی کوشتنی باوکمان، لە هەندێک پەیج وا بڵاوکراوەتەوە، کە باوکمان سکاڵای لەسەر ئێمە تۆمارکردووە، بەڵام ڕاستنییە، هەر بۆیه داوای ڕوونکردنەوەمان لەسەر بڵاوبوونەوەی ئەوە سکاڵایە کردووە.

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، بەداخەوە کەسانێک هەن بە ئارەزووی خۆیان قسە لەسەر کارەساتەکەی ئێمە دەکەن، ئەگەر بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان وەڵامی ئێمە نەداوتەوە، گومان لەلای ئێمە دروستدەکات، تاوەکوو ئێستا نازانین بکوژی باوکمان کێیە، سکاڵامان لەسەر کەس تۆمارنەکردووە و گومانمان لە هیچ کەسێکیش نییە، ئەو شوێنەی باوکمان لێ کوژراوە، کامێرای چاودێری لێیە.

لەلای خۆیەوە، علی جەمال گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان دەڵێت: دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو ئاگادارکراینەوە لە حاڵەتێکی کوشتن لە گوندی ئۆمەربلی سەربە ناحییەی سەرقەڵا، دەست بەجێ مەفرەزەمان چونە شوێنی ڕوداوەکە و دەرکەوت ،ئەکبەر ڕۆستەم محەممەد ناسراو بە ئەکبەر حاجی ڕۆستەم لەدایکبووی 1955، لەنێو زەویە کشتووکاڵیەکەی خۆی کوژراوە و ئاسەواری فیشەک بەسەر جەستەیەوە بوو.

ئاماژەی بەوەشکرد، دەستبەجێ پۆلیس دەستیان بەهێڵکاری شوێنی ڕووداوەکە کرد و دەستکرا بەکۆکردنەوەی زانیاریەکان لەسەر چۆنێتی ڕووداوەکە و  پۆلیس پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕووداوەکە کردۆتەوە و دەستی بە لێکۆڵینەوەی ورد کردووە لەسەر چۆنێتی ڕووداوەکە و ئاشکرا کردنی ناسنامەی تۆمەتبار .

گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ڕاشیگەیاند، بەپێی لێکۆڵێنەوە سەرەتاییەکان، ئۆتۆمبیل و مۆبایلەکەی براون.

باسی لەوەش کرد، لەداهاتوودا هەر زانیارییەک سەبارەت بە ڕووداوەکە دەەستکەوێت، ئەوا ڕای گشتی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەپێی یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکەینەوە. 

هەر پەیوەست بەم پرسە شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت؛ دەبێ هەرچی زووە دەزگا ئەمنییەکان ئەم بابەتە یەکلا بکەنەوە و لێکدانەوەی زیاتری بۆ نەکرێ، وەکوو پارتی ئەگەر بزانین ئەم بابەتە دەستی سیاسی لەپشتە، ئیجراتی تووندمان دەبێت و لەم ڕووەوە پارتی دەستی زۆر درێژە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment