شارەزایان هۆشداری دەدەن: گەشەی دانیشتووان و گەندەڵی، عێراق بەرەو داڕمان دەبەن

بەپێی سەرژمێری گشتیی ساڵی 2024، ژمارەی دانیشتووانی عێراق گەیشتووەتە 46 ملیۆن کەس و بە خێراییەکی زۆر لە گەشەکردندایە. ناوەندەکان و شارەزایان پێشبینی دەکەن لە چەند ساڵی داهاتوودا ئەم گەشەیە ببێتە هۆی دروستبوونی قەیرانی گەورە کە ڕووبەڕووی وڵاتەکە دەبێتەوە، بەتایبەتی بەهۆی نەبوونی پلانێکی تۆکمە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە.
ژمارەکان قەیرانەکە دەردەخەن:
- گەشەی دانیشتووان: ساڵانە بە ڕێژەی 2.53% زیاد دەکات.
- پێشبینی داهاتوو: پێشبینی دەکرێت لە ساڵانی 2030 بۆ 2040 ژمارەی دانیشتووان بگاتە 50 بۆ 70 ملیۆن کەس.
ئەم گەشە خێرایەی دانیشتووان چەندین کاریگەری نەرێنی لەسەر ئابووری و خزمەتگوزارییەکان دەبێت:
- کەمبوونەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان: فشارێکی زۆر دەخاتە سەر سێکتەرەکانی وەک تەندروستی، پەروەردە و ژێرخانی وڵات.
- قەیرانی دارایی و ئابووری: عێراق بە ڕێژەی 90% پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت. هەر دابەزینێک لە نرخی نەوتدا کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر بودجە و توانای دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان دەبێت.
- زیادبوونی بێکاری و هەژاری: لە ئێستادا ڕێژەی بێکاری 13% و هەژاری 17.5%ـە. پێشبینی دەکرێت ئەم ژمارانە بەرزتر ببنەوە.
جگە لە گەشەی دانیشتووان، چەند هۆکارێکی تر هەن کە قەیرانەکە قوڵتر دەکەنەوە:
- کەمبوونەوەی ئاو: بەهۆی زیادبوونی دانیشتووان و بەکارهێنانی نادروستی ئاو (هەر تاکێک ڕۆژانە 400 لیتر ئاو بەکار دەهێنێت)، قەیرانی ئاو لە عێراقدا زیاتر دەبێت.
- کورتهێنانی کارەبا: خواست لەسەر کارەبا زۆر زیاترە لە توانای بەرهەمهێنان. نزیکەی 30 هەزار مێگاوات کورتهێنان هەیە، ئەمەش کارەساتێکی ژینگەیی و ئابوورییە.
- نەبوونی یەکەی نیشتەجێبوون: بەپێی وەزارەتی پلاندانان، عێراق پێویستی بە دروستکردنی 9 ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە.
شارەزایان هۆشدار دەدەن
لەمبارەوە سەعد نووری، شارەزای ئابووری، ئاماژە بەوە دەکات کە گەندەڵی و کۆنتڕۆڵکردنی داهات لەلایەن حزبەکانەوە، قەیرانەکان قوڵتر دەکەنەوە و ڕێگرن لە دابینکردنی خزمەتگوزاری گونجاو.
وەعد ساڵم، توێژەری کۆمەڵایەتی، بە پێویستی دەزانێت، پلانێکی تۆکمە و ڕێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم قەیرانە دابنرێت. هەروەها، گرنگە هۆشیاری تاک لەسەر پرسی وەچەخستنەوە زیاد بکرێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گەشەی دانیشتووان.