دوکاندارانی سلێمانی: دوای پڕۆژەی "ڕووناکی" کێشەی کەمیی کارەبامان نەماوە
بەهۆی دەستکاریکردنی پێوەری زیرەکی کارەبا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی سزای ژمارەیەک دوکانداری دا؛ ئەمە لە کاتێکدایە، پڕۆژەی "ڕووناکی" کارەبای 24 کاتژمێری بۆ شارەکە دابین کردووە.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، تیمەکانی چاودێریی کارەبای سلێمانی لە شەقامی پیرەمێردی شاعیر، کە یەکێکە لە شەقامە قەرەباڵغەکانی شار، چەندین سەرپێچییان ئاشکرا کرد.
سیروان محەممەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: "ڕۆژانە تیمەکانی چاودێری دەگەڕێن و لە هەر شوێنێک کەسێک دەستکاریی پێوەرەکەی کردبێت یان بە نایاسایی کارەبای ڕاکێشابێت، بەپێی جۆری سەرپێچییەکە سزا دەدرێت."
بەگوێرەی ئەو ڕێنماییانەی کە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەرچووە، هەر هاوبەشێکی کارەبا کە دەستکاریی پێوەری زیرەک بکات یان زیان بە تۆڕەکانی کارەبا بگەیەنێت، ڕووبەڕووی بڕینی کارەبا و سزای ماددی دەبێتەوە.
هاوکات لەگەڵ جێبەجێکردنی یاسا، پڕۆژەی "ڕووناکی" بووەتە هۆی دابینکردنی کارەبای بەردەوام بۆ زۆرێک لە گەڕەک و بازاڕەکانی سلێمانی، کە ئەمەش ئاسانکارییەکی زۆری بۆ کاسبکاران دروست کردووە.
بەکر ڕەشید، یەکێک لە دوکاندارەکانی سلێمانی، ئاماژەی بەوە کرد، پێشتر مانگانە نزیکەی 27 بۆ 30 هەزار دیناریان بۆ پارەی مۆلیدە داوە و کارەباکەشیان بەشی پێداویستییەکانیانی نەکردووە، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەم پڕۆژەیەوە لەو گرفتانە ڕزگاریان بووە. گوتیشی: "خۆشبەختانە ئێستا لەو گرفتە ڕزگارمان بووە. لە ماڵەوەش ماوەی دوو بۆ سێ مانگە کارەباکەمان بووەتە 24 کاتژمێری و بەڕاستی کێشەکانمان کۆتایی هاتووە."
کاسبکاران پێیانوایە کە بەهۆی بوونی کارەبای بەردەوامەوە، هیچ پێویستییەک بۆ سەرپێچیکردن و دەستکاریکردنی پێوەرەکان نەماوە، چونکە پڕۆژەی ڕووناکی زۆربەی گرفتەکانیانی چارەسەر کردووە.