بەرپرسی بەشی کوردیی ڕادیۆی یەریڤان: کوردستان24 سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوی هەواڵەکانمانە

تیمی کوردستان24 سەردانی بەشی کوردیی ڕادیۆی یەریڤانی لە پایتەختی ئەرمینیا کرد، کە یەکێکە لە کۆنترین و ناسراوترین دەنگە کوردییەکان لە دەرەوەی وڵات.

 لەم سەردانەدا، لە نزیکەوە ئاگاداری ڕەوشی کارکردنیان بوون و لەگەڵ بەرپرس و کارمەندانی ئەو بەشە دیدار و گفتوگۆیان ئەنجامدا.

تیتالێ کەرەم، بەرپرسی بەشی کوردیی ڕادیۆی یەریڤان و هەروەها بەرپرسی ڕۆژنامەی "ڕێیا تازە"، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، باسی لە دۆخی ڕادیۆکە و بەشە کوردییەکەی کرد. ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، لە ئێستادا ماوەی پەخشی ڕۆژانەی بەشی کوردی، نیو کاتژمێرە.

بە گوتەی تیتالێ کەرەم، بەرنامەکانیان هەواڵ و زانیاری لەسەر ئەرمینیا و هەر چوار پارچەی کوردستان لەخۆدەگرێت. گرنگییەکی تایبەتیش دەدەن بە کەلتووری کوردان. ئاشکراشی کرد، لەگەڵ سەرچاوە هەواڵییەکانی خۆیاندا، پشت بە کوردستان24 دەبەستن وەک سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو بۆ وەرگرتنی نوێترین هەواڵەکان.

بەرپرسی بەشی کوردیی ڕادیۆی یەریڤان ڕایگەیاند: "پەخشی ڕۆژانەی ئێمە نیو کاتژمێرە، لە کاتژمێر 08:00ـی ئێوارە بە کاتی ناوخۆ دەست پێدەکات تا 08:30 خولەک." لەم ماوە کورتەدا، گرنگترین هەواڵەکانی تایبەت بە ئەرمینیا و هەر چوار پارچەی کوردستان پێشکەش دەکەن، لەگەڵ گرنگیدان بە بەرنامەی کەلتووری کوردی.

ئەم سەردانەی کوردستان24 بۆ ڕادیۆی یەریڤان، جەختکردنەوەیە لەسەر گرنگیی پاراستنی ئەم دەنگە مێژووییەی کورد لە تاراوگە و هەوڵدان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە میدیاییەکان لەپێناو گەیاندنی زانیاریی دروست بە کۆمەڵگای کوردی لە سەرتاسەری جیهاندا.

 
Fly Erbil Advertisment