گوتەبێژی حکوومەت: چاوەڕێ دەکەین لە 48 کاتژمێری داهاتوودا نەوت هەناردە بکرێتەوە

گوتەبێژی حکوومەت ڕایدەگەیەنێت، توانای بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 234 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە و پێشبینی دەکەن، لە 48 کاتژمێری داهاتوودا هەناردە بکرێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ـی ئەیلوولی 2025، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئێستا توانای به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان گه‌یشتووه‌ته 234 هه‌زار به‌رمیل نەوتی ڕۆژانە به تێکڕایی.
بە گوتەی هەورامانی، بەشێکی ئەو نەوتەی ڕۆژانە بەرهەم دەهێنرێت، بۆ پێداویستیی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنرێت و ئەوەشی دەمێنێتەوە، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی سێقۆڵییەکەی نێوان هەردوو وەزارەتی نەوتی عێراق و سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت؛ ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت، تا هەناردەی دەرەوە بکرێت.
هەر لەبارەی ڕێککەوتنە سێقۆڵییەکە، گوتەبێژی حکوومەت باسی لەوە کرد "ئه‌م ڕێککەوتنە هه‌نگاوی زۆر باشی بڕیوه. یەک دوو کۆمپانیا تێبینییان هه‌بوو؛ به‌ڵام ئه‌مه‌ش کێشه‌یه‌کی گه‌وره نییه و نابێتە بەربەست لە بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان. به‌پێی ئه‌وه‌ی که قسه‌مان کردووه و ڕێککەوتن کراوه، پێشبینی ده‌که‌ین له ماوه‌ی 48 کاتژمێری داهاتوودا ئه‌م بابه‌ته چارەسەر ببێت."
بە گوتەی هەورامانی، ڕێککەوتنە سێقۆڵییەکەی تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بۆ ماوەی سێ مانگە، تا بودجەی داهاتووی عێراق پەسەند دەکرێت.
گوتەبێژی حکوومەت ئاماژەی بەوەش دا "پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت بە ناردنی مووچه‌وه بەستراببووەوە. هه‌میشه دەگوترا حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئاماده نییه، حکوومه‌تی هه‌رێم ئاستەنگ دروست ده‌کات، کێشه دروست ده‌کات؛ زۆر ڕوونە که حکوومه‌تی هه‌رێم له سه‌ره‌تاوه، له ده‌ستپێکی ئه‌م کێشانه‌وه نییه‌تی چاره‌سه‌ری هه‌بووه و ویستوویه‌تی کێشه‌کان له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی فیدراڵ به‌پێی ده‌ستوور و یاسا جێبه‌جێ بکات."
هەورامانی جەختی کردەوە "هه‌رچی له‌سه‌ر شانمانه، پێیەوە پابەند دەبین. ماف و شایستەکانی خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستانیش کە لە دەستوور و یاساکانی عێراقدا دیاری کراون، داوایان ده‌که‌ین و ده‌ستبه‌رداریان نابین."