نانەواخانەی شۆڕشی ئەیلوول دەکرێتە ناوەندێکی گرنگی گەشتیاری

بەدەست و پەنجەکانی دوو وەستای نانەوای شۆڕشی ئەیلوول، نانەواخانەکە کرایەوە و بەرپرسی ڕێكخراوی نەوەكانی ئەیلوول، ئاماژە بەوە دەکات، هەوڵدەدەین بکرێتە پێگەیەکی گرنگی شوێنەواری.
هونەر کاک ئەحمەد، بەرپرسی ڕێكخراوی نەوەكانی ئەیلوول، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی ئەیلوولی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لەدوای کردنەوەی نانەواخانەی شۆڕشی ئەیلوول لە هەمان شوێنی خۆی، هەوڵدەدەین بکرێتە پێگەیەکی شوێنەواری و ناوەندێکی گرنگی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان.
بەرپرسی ڕێکخراوی نەوەکانی ئەیلوول ئاماژەی بەوە کرد، نانەواخانە کاری پێناکرێت تەنیا وەکو پێگەیەکی شوێنەواری دەمێنێتەوە، هەروەها دوێنێ چوارشەممە، لەکاتی کردنەوەی دوو وەستای نانەواکە بەدەست و پەنجەکانی خۆیان و لەسەر هەمان شێوازی پێشوو نانیان دروستکرد، ئەمە جگە لەوە نانەواخانەکە لەسەر هەمان دیزاینی پێشووی دروستکراوە.
هونەر کاک ئەحمەد، باسی لەوە کرد، دروستکردنی نانەواخانەکە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی بووە و گوژمەی دروستکردنی لەلایەن بارەگای بارزانییەوە خەرجکرابوو، لە 15ـی ئایاری 2025، بەردی بناغەی دانرا.
ئەو شوێنەی نانەواخانەی لێ دروستکراوە، لە كۆسپێ سپییە لەسەر ڕێگەی سۆران-چۆمان نزیك گوندی پیرەسووان لە سنووری شارۆچکەی ڕواندز.
نانەواخانەی شۆڕشی ئەیلوول، لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕش و لەسەر ڕاسپاردەی مەلا مستەفا بارزانی، ڕابهری شۆڕشهكه بۆ هاوکاریکردنی پێشمەرگە نانەواخانەیەک دروست کرا و هەزاران پێشمەرگە لەو شوێنە نانیان خواردووە.
