مالیکی بۆ دووبارە گەڕانەوەی بۆ سەرۆکایەتی حکوومەت پێشنیازێک دەخاتە بەردەم واشنتن
لە جوڵەیەکی سیاسیی چاوەڕواننەکراودا کە دەکرێت هاوکێشەی هێز لە عێراقدا بە تەواوی هەڵبگێڕێتەوە، نوری مالیکی کارتە نهێنییەکانی خۆی بۆ واشنتن ئاشکرا دەکات. بەگوێرەی زانیارییە هەواڵگری و توێژینەوەییەکان، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ئامادەیی نیشانداوە دەست بۆ پیرۆزترین هێڵی سووری نێو ماڵی شیعی ببات کە داماڵینی چەکی گرووپەکانە، بە مەرجێک ئەمریکا گڵۆپی سەوزی بۆ داگیرسێنێت تاوەکو جارێکی دیکە لەسەر کورسیی دەسەڵاتی یەکەمی عێراق دابنیشێتەوە.
پەیمانگەی ئەمریکی بۆ لێکۆڵینەوە لە جەنگ (ISW)، لە نوێترین هەڵسەنگاندنیدا پەردەی لەسەر مانۆڕێکی سیاسیی نوری مالیکی لاداوە.
بەپێی خوێندنەوەی ئەو دامەزراوەیە، مالیکی پەیامێکی ڕوونی ئاڕاستەی ئەمریکییەکان کردووە کە ناوەڕۆکەکەی بریتییە لە سەودایەکی گەورە، ئەو ئامادەیە ڕووبەڕووی گرووپە چەکدارەکان ببێتەوە و چەکەکانیان لێ وەربگرێتەوە، ئەگەر لە بەرانبەردا واشنتن پشتگیریی تەواوی بکات بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە قۆناغی داهاتوودا.
ئەم پێشنیازەی مالیکی لە کاتێکدایە کە جموجۆڵەکان لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگیـدا بۆ یەکلاکردنەوەی شێوازی حوکمڕانیی داهاتوو دەستی پێکردووە.
زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە، سەرکردەکانی چوارچێوەکە سەرقاڵی تاوتوێکردنی ناوی چەند بەربژێرێکن بۆ سەرۆکایەتیی حکومەت، ناوی نوری مالیکیش وەک یەکێک لە بەهێزترین و دیارترین ناوەکان لەسەر مێزی گفتوگۆکانە.
پێدەچێت مالیکی بەم ئۆفەرە هەوڵ بدات خاڵە لاوازەکەی خۆی لەلای ڕۆژئاوا، کە پەیوەندییە بەتینەکانیەتی لەگەڵ بەرەی موقاوەمە، بکاتە خاڵی بەهێز و وەک تاکە کەس خۆی نیشان بدات کە توانای کۆنترۆڵکردنی دۆخە ئەمنییەکەی هەیە.
ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی فشارە توندەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەسەر حکوومەتی فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی حەشدی شەعبی و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکان لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت.
