ئەمەریکا لە بڕیارێکی حکوومەتی عێراق بێ هیوا بووە

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ڕایگەیاندووە، واشنتن بێ هیوا بووە لە پێچەوانەکردنەوەی بڕیارەکەی عێراق بۆ سڕکردنی سەروەت و سامانی "حزبوڵڵا" و "ئەنسار اللە"ی یەمەنی.

ئەمڕۆ شەممە 6ی کانوونی یەکەمی 2025، ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لە چاوپێکەوتێکیدا لە گەڵ کەناڵی " ئێم تی ڤی "، ڕایگەیاندووە، هەردوو گرووپی "حزبوڵڵا" و "ئەنسار اللە"، هەڕەشەن بۆ سەر ناوچەکە و تەواوی جیهان، جەختیکردوەتەوە، پێویستە وڵاتانی ناوچەکە ڕێگری لە بەکارهێنانی ناوچەکانیان لەلایەن بریکارەکانی سەر بە ئێران بۆ مەشق و ڕاهێنان، کۆکردنەوەی پارە، بەدەستهێنانی چەک، یان ئەنجامدانی هێرش بکەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە فشارخستنە سەر عێراق بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی کۆنکرێتی دژی ئەو گرووپانەی کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن و هەڕەشە لە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و عێراق دەکەن.

17ی تشرینی دووەمی 2025، حکوومەتی عێراق، ناوی 61 گرووپی بڵاوکردەوە کە بڕیاری سڕکردنی سەروەت و سامان دەیانگرێتەوە، لە نێوانیاندا "حزبوڵڵای لوبنان و ئەنسار اللە"ی سەر بە حوسییەکانی یەمەن هەن، ئەو هەنگاوە بە سەرنجدان بە پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئێران و گرووپەکانی سەر بەو وڵاتە کاردانەوەی سیاسی خێرای لە ناوخۆی عێراقدا بەدوای خۆیدا هێنا.

بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە حکوومەتی عێراق لیژنەیەکی پێکهێنا، لیژنەکە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕوونیکردەوە، دەستنیشانکردنەکە بەهۆی هەڵەیەکی کارگێڕییەوە بووە، بۆیە لیستەکە ڕاستدەکرێتەوە بۆ لابردنی ئەو لایەنانەی پەیوەندییان بە چالاکیی تیرۆریستییەوە نییە.

لیژنەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارەکەی پێشوو لەسەر بنەمای داوایەکی مالیزیا، لە جێبەجێکردنی بڕیارنامەی (1373)ی فەرمانگەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری نەتەوە یەکگرتووەکان، کە داعش و قاعیدە دەکاتە ئامانج، نەک گرووپەکانی وەک حزبوڵڵا یان حوسییەکان.

ئەم پاشگەزبوونەوەیەی حکوومەتی عێراق بە سڕینەوەی ناوی "حزبوڵڵا و ئەنساراللە"  لە لیستی ئەو گرووپانەی کە هەڕەشەن لە سەر ئاسایشی ناوچەکە و جیهان بە گشتی، لە لایەن ئەمەریکاوە کاردانەوەی لێکەوتەوە، بە جۆرێک وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە، "بە هۆی ئەم کارەی حکوومەتی عێراق، ئەمەریکا هەست بە بێهیوا بوونێکی گەورە دەکات، دەبوو عێراق ئەو گرووپانە لە کارو و چالاکی و بەدەست هێنانی سەروەت و سامان سڕبکات نەک ناویان لە لیستی سزادراوان بسڕێتەوە". 

 
 
Fly Erbil Advertisment