هەڵمەتی پاکڕاگرتنی ژینگە لە دهۆک بەڕێوەچوو

لە پارێزگای دهۆک گەورەترین هەڵمەتی خاوێنکردنەوەی بەڕێوەچوو، لە قۆناغی یەکەمدا لە شارۆچکەی زاوێتە دەستیپێکرد وزیاتر لە 200 کەس بە درێژایی 430 کیلۆمەتر شوێنە گشتییەکان پاکدەکەنەوە.
ئیدریس محەممەد، بەڕێوەبەری شارۆچکەی زاوێتە، بە کوردستان24ـی راگەیاند: هەڵمەتی پاککردنەوە سەرەتا لە زاوێتە بەڕێوەدەچێت و دواتر شوێنەکانی دیکەش دەگرێتەوە، تیمەکان دابەشی چوار کەرت کراون و زیاتر لە 200 کچ و کوڕ لەگەڵمانن.
ئارین عەلی، وەک ئافرەتێک بەشداری کردووە، بە کوردستان24ـی راگەیاند: ژینگە ماڵی هەموومانە بۆیە جیاوازی ناکرێت لەنێوان ڕەگەزەکان و منیش وەک ئافرەتێک بەشداربوومە، هەروەک چۆن پێویستە ماڵەکانمان پاک ڕابگرین، پیویستە شوێنە گشتییەکانیش بەهەمانشێوەبێت.
ئەیاز عەبدولکەریم، سەرۆک شارەوانی باگێرا، بە کوردستان24ـی راگەیاند: هەر تیمێک ناوچەیەک و شوێنێکی بۆ دیاریکراوە و دابەشکراون، فەرمانبەران و ژمارەیەک گەنجی خۆبەخش لەگەڵمان بەشدارن، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، داوا لە هاووڵاتییان دەکەین هاوکارمابن لە پاکڕاگرتنی ژینگە.
بۆ پاکڕاگرتنی ژینگە، کۆبوونەوە لەسەرجەم شارەدێی و شارۆچکەکانی سنووری پارێزگای دهۆک بەڕێوەدەچن.
لەلای خۆیەوە، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە کۆبوونەوەکانمان بڕیار دراوە، هەرکەس ولایەنێک ببێتە هۆی پیسکردنی ژینگە بە توندی ڕووبەڕووی دەبینەوە، داوا دەکەین هیچ کەسێک زبڵ و خاشاک لە شوێنە گشتییەکان فڕێنەدەن، لەسەرجەم شوێنە گشتییەکان تیمەکانی ژینگەپارێزی لێ جێگیردەکرێن.