شەش هەزار هاووڵاتی لە بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی ناوتۆمارکردن بۆ فەریزەی حەج سوودمەند دەبن

ئەمڕۆ پرۆسەی ناوتۆمارکردن بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج کۆتایی دێت، گوتەبێژی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەگەرچی بڕیاربوو لە 20ـی مانگ کۆتا ڕۆژی تۆمارکردنی ناوی ئەوانە بێت کە خوازیاری ئەنجامدانی فەریزەی حەجن، بەڵام بە فەرمانی وەزیری ئەوقافی هەرێمی کوردستان وادەکە بۆ 26ـی ئەم مانگە درێژکرایەوە.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی کوردستان ڕایگەیاند: بە فەرمانی پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان، دەرفەتێک درایە هەموو ئەو هاووڵاتییانەی خوازیاری ئەوەن ناویان بچێتە نێو تیرپشکی ئەنجامدانی فەریزەی حەج بۆ ساڵی داهاتوو، ماوەی ناونووسین لە 20 مانگ بۆ 26ـی مانگی ئەیلوول درێژکرایەوە و ئەمڕۆ کۆتا ڕۆژی ناوتۆمارکردنە بۆ ئەم پرۆسەیە.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی کوردستان ئاشکرای دەکات، شەش هەزار هاووڵاتی لە بڕیاری دڕیژکردنەوەی ماوەی ناوتۆمارکردن سوودمەند دەبن.
دەشڵێت: یەک لە کارنامەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەئەلیکترۆنی کردنی دام و دەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ ئاسانکاریی کردن لە کاروباری هاووڵاتییان و کەمکردنەوەی ڕۆتین.
کاروان ستوونی ئاماژەی بەوە کرد، کاتژمێر 12ـی ئەمشەو، پرۆسەی ناوتۆمارکردن بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج کۆتایی دێت، دوای وردبینی لە ناوەکان، پرۆسەی تیشک و پشک بۆ ناوە تۆمارکراوەکان دەکرێت.