ئاسایشی سلێمانی دانپێدانانی بکوژی ئەکبەری حاجی ڕۆستەمی بڵاوکردەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی سلێمانی دانپێدانانی بکوژی ئەکبەری حاجی ڕۆستەمی بڵاوکردەوە و بکوژەکەش دەڵێت: لەسەر کێشەی پارە کوشتوویەتی.

بە گوێرەی ئەو دانپێدانانەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی سلێمانی بڵاویکردەوە، بکوژەکە بەڕەگەز عەرەبە و تەمەنی 22ساڵە، ناوی عەبدولعەزیز جاسم مەحموودە، دوای دەستگیرکردنی دانی بە تاوانەکە ناوە و ئێستا بەبڕیاری دادوەر و بە ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراق زیندانی کرداوە و لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامە.

هەروەها لە دانپێدانانەکەدا دەڵێت کێشەی مامەڵە و پارەیان لەنێواندا هەبووە، بۆیە ئەکبەر حاجی ڕۆستەم کوشتووە.

ئەکبەری حاجی ڕۆستەم، دووشەممە 22ـی ئەیلوولی2025 لەگوندی ئۆمەربلی سەر بە شاری کفری سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لەنێو باخەکەیدا کوژرا و تاوانبارەکە دوای تاوانەکە ئۆتۆمبێل و مۆبایلی کوژراوەکەی لەگەڵ خۆیدا برد بوو، دوای دەستگیرکردنی لە بەغدا و داننانی بە تاوانەکەی، ئاشکرای کردووە، دوای کوشتنی ئەم هاووڵاتییە لە ڕێگەی شارەدێی سلێمان بەگەوە چووەتەوە بەغدا و لەناوچەی دۆرە لەماڵێکدا خۆی حەشار داوە.

 
Fly Erbil Advertisment