فوئاد حوسێن: عێراق 18 هەزار و 830 کەسی لە کەمپەکانی هۆل و ڕۆژ گهڕاندووهتهوه

وەزیری دەرەوەی عێراق، پابەندیی وڵاتەکەی بۆ هەماهەنگیکردن لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕوبوونەوە و لەنێوبردنی تیرۆر دووپات کردەوە.
هەینی 26ـی ئەیلوولی 2025، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی گەڕاندنەوەی خێزانەکانی داعش لە کەمپی هۆل و ڕۆژ لە نیویۆرک رایگەیاند، تاوەکوو ئێستا عێراق 18 هەزار و 830 کەسی لە هەردوو کەمپەکە گەڕاندووەتەوە، ئێستا لە ناوەندەکانی شیاندنەوەی عێراقن، وەک کەمپی ئەمەل.
وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە دا، عێراق پابەندە بە هەماهەنگیکردن لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی و لەنێوبردنی تیرۆر.
هاوکات ڕوونی کردەوە، حکوومەتی عێراق لەو باوەڕەدایە کەمپی هۆل لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئاڵنگاریی ئەمنی، کۆمەڵایەتی و مرۆیی لە ناوچەکە دروست دەکات، هەر بۆیە دەبێت ئەم کێشەیە بە خێرایی و بەشێوەیەکی هاوسەنگ چارە بکرێت.
کەمپی هۆل، بە یەکێک لە ناوچە هەرە مەترسیدارەکان دادەنرێت و بەردەوام شانە نوستووەکانی داعش هەوڵی خۆڕێکخستنەوە و ئەنجامدانی کردەوەی تێکدەرانەی تێدا دەدەن، هێزەکانی سووریای دیموکرات بە پشتیوانی هاوپەیمانان بە شێوەیەکی بەردەوام ئۆپەراسیۆنی کێوماڵکردن بۆ لەناوبردنی ئەو شانانە ئەنجام دەدەن.
کەمپی هۆل، دەکەوێتە باشووری شارۆچکەی هۆل لە پارێزگای حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، کەمپەکە کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەر، هێزەکانی سووریای دیمەکرات (هەسەدە) پاسەوان و بەڕێوەبەری کاروباریی تەناهیی کەمپەکەن.
تاوەکوو مانگی نیسانی 2019 ژمارەی دەستبەسەرکراوانی ناو کەمپەکە 74 هەزار کەس بووە، کە زۆرینەیان ئافرەت، منداڵن و خەڵکی چەند وڵاتێکی جیاوازن، بە پلەی یەک خەڵکی سووریا و عێراقن.