وەزیری دەرەوەی عێراق وەڵامی هەڕەشەکانی ناتانیاهۆ دەداتەوە

وەزیری دەرەوەی عێراق، لێدوانەکانی ناتانیاهۆ لە بارەی عێراق ڕەت دەکاتەوە دەڵێت: هەڕەشەکانی قابیلی قبووڵ نین.
هەینی 26ـی ئەیلوولی 2025، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە نیویۆرک، وەڵامی لێدوانەکانی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی دایەوە.
وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند: هەڕەشەکانی ناتانیاهۆ ڕەت دەکەینەوە و قابیلی قبووڵ نین، هەروەها هێرشکردنە سەر هەر عێراقییەک هێرشە بۆ سەر تەواوی وڵاتەکە.
فوئاد حوسێن لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەڵێت: کشانەوەی هێزەکان هەنگاو بە هەنگاوە و بە گوێرەی ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و واشنتن دەبێت و کۆتا وادە بۆ کشانەوەی تەواوی هێزەکان لە ساڵی 2026ـە.
ئەمە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، نەخشەی ئەو وڵاتانەی بەرز کردەوە کە بە گوتەی خۆی بوونەتە مەترسی و هەڕەشە لەسەر ئیسرائیل، لەنێویاندا سووریا، عێراق و ئێران هەبوون.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، هۆشداریی دایە عێراق و گوتی: ئەگەر گرووپە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل، ئەوا سەرکردەکانی ئەوانیش لەنێو دەبەین.