بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەت کۆنفرانسی ساڵیادی "نیقییە" بەڕێوەدەچێت

بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوەمەتی هەرێمی کوردستان، کۆنفرانسی ئەکادیمی ساڵیادی "نیقییە" بەڕێوەدەچێت.
کاتژمێر 09:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 27ـی ئەیلوولی 2025، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ کۆنفرانسی تایبەت بە 1700مین ساڵیادی ئەنجوومەنی نیقییە (کۆمەڵەی نیقییەی کریستیانەکان) لە هەولێر بەڕێوە دەچێت.
بەپێی کارنامەی کۆنفرانسەکە، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسەکەدا گوتارێک پێشکەش دەکات.
کۆنفرانسەکە میوانداری ژمارەیەک لە پاتریارکە دیارەکانی کریستیان لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، کە ئەوانیش گوتاری خۆیان پێشکەش دەکەن.
ئەم کۆنفرانسە بە یەکێک لە ڕووداوە مێژووییە هەرە گرنگەکانی کریستیانەکان دادەنرێت، کە تێیدا قەشە و پاتریارکەکان کۆدەبنەوە بە ئامانجی بڵاوکردنەوەی پەیامی یەکبوون و لێک نزیککردنەوەی بیروباوەڕەکان.
ئامانجی سەرەکی لە بەڕێوەچوونی ئەم کۆنفرانسە، هاوبەشیکردن و بڵاوکردنەوەی بەهاکانی ئەنجوومەنی 'نیقییە' و تیشکخستنە سەر کاریگەرییەکانی لەسەر جیهانی مۆدێرن.