چیرۆکی ئەو ژنەی دوو منداڵەکەی لە سەر پردێکی بەغدا فڕێدانە خوارەوە

مامی دوو منداڵەکە بۆ کوردستان24: هێشتا تەرمەکانمان نەدۆزیونەتەوە

K24 - بەغدا

مامی ئەو دوو منداڵەی لەلایەن دایکیانەوە شەوی هەینی لەسەر پردێکی بەغدا فڕێدرانەخوارەوە، قسە بۆ کوردستان24 دەکات و دەڵێ "هێشتا تەرمەکانمان نەدۆزیونەتەوە".

منداڵەکان خوشک و بران، کچەکە ناوی مەعسومەیە، تەمەنی یەک ساڵ و نیوە، کوڕەکەش ناوی حور-ە و تەمەنی دوو ساڵ و نیوە، ڤیدیۆی ساتی رووداوەکە، کە تێیدا ژنەکە دەردەکەوێت کاتێک لە درەنگانی شەودا منداڵەکانی لەسەر پردێکی بەغدا فڕێدەداتە خوارەوە، ناخهەژێنە.

ئەمڕۆ لە چەند میدیایەک و سۆشیاڵ میدیای عێراقی بڵاوکرایەوە تەرمی منداڵەکان دۆزراونەتەوە، بەڵام عەلی عەبوود دەراجی، مامی ئەو دوو مناڵە بە کوردستان24ـی راگەیاند "پۆلیسی دەریایی و کەسوکارمان لە دوای رووداوەکەوە بە شێکی زۆری رووباری دیجلە گەڕاون لە بەغدا، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا (دوانیوەڕۆی دووشەممە، 19-10-2020) تەرمەکانمان نەدۆزیونەتەوە".


باپیری منداڵەکان چیرۆکەکە دەگێڕێتەوە

حاجی عەلی، باپیری منداڵەکان بە کەناڵی ئاسمانیی فوراتی راگەیاندووە لە کاتژمێر 12:00ـی شەوی هەیینییەوە "لەژێر پردەکە و رووبارەکە دەگەڕێین، خەڵکی ناوچەکە هاتوون و خۆمان بە پارەی خۆشمان غەواسمان هێناوە، بەڵام هەتاوەکو ئێستا هیچیانمان نەدۆزیوەتە".

هەریەک لەو ژن و پیاوە لەدایکبووی ساڵی 1999ـن، باپیری منداڵەکان دەڵێ " ژنەکە، هیچ نەخۆشییەکی دەروونیی نییە و، خیانەتی لە شەرەفی خۆی کرد، ئەو خۆی خیانەتی لە هاوسەرەکەی کردبوو، وێنەی هەبوو لەگەڵ خۆشەویستەکەی.مێردەکەی لەسەر ئەو خیانەتە تەڵاقی دا و دایەوە دەست کەسوکاری".

حاجی عەلی بە گریانەوە باس لەوە دەکات دوای ئەوەی کەسوکاری بووکەکەی، کچەکەیان بردووەتەوە "داوایان لێکردین ئابڕوویان نەبەین، ئێمەش ئەوەمان کرد. منداڵەکان هەر پێنج رۆژ جارێک دایکیان دەبینی و دواتر ئێمە خۆمان دەچووینەوە دوایان".

"خۆی دانی بەوەدانا خیانەتی لە هاوسەرەکەی کردووە"

باپیری منداڵەکان باسی لەوە کرد، هۆکاری جیابوونەوەی کوڕ و بووکەکەی "خیانەت بووە" و دەڵێ "بووکەکەم خیانەتی کردووە و وێنەی ئابڕوبەرانەشی لەگەڵ خۆشەویستەکەی لەنێو مۆبایلەکەیدا هەبوو".

حاجی عەلی باس لەوە دەکات لەوکاتەوەی "ئابڕووچوونەکە لە بووکەکەم ئاشکرا بوو"، دامانەوە دەست خێزانەکەی تاوەکو ئەو کاتەی حوکمی دادگا بە جیابوونەوە دەرچوو.

دادگا منداڵەکانی داوەتەوە باوکیان، کە بەگوتەی باپیری منداڵەکان "باوکی منداڵەکان دوای رووداوەکە تووشی شۆک بووە، بەجۆرێک ناتوانێت هیچ قسەیەکیش بکات".

لەبارەی چۆنییەتی بردنی منداڵەکان لە ماڵی ئەوانەوە حاجی عەلی ئاشکرای کرد "کاتژمێر پێنجی هەیینی، خوشکەکەی پەیوەندی بە ماڵی ئێمەوە کردووە و گوتوویەتی خوشکەکەم دەیەوێت تەنیا پێنج خولەک منداڵەکانی ببینێت"، دواتر ئەوە روویدا و لەسەر پردەکە بێڕەحمانە فڕێیدانە خوارەوە.

پۆلیس زانیاریی تەواوی لەبارەی هۆکار و پاڵنەری ئەو رووداوە ئاشکرا نەکردووە، حاجی عەلی دەڵێ پۆلیس تەنیا ئەوەندەیان بە ئێمە گوتووە "گوتوویەتی ویستم تۆڵە لە مێردەکەم بکەمەوە".

 

هـ.ر.