ڕاگەیەنراوی سامانە سروشتییەکان لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە "کاتژمێر (7:00)ی بەیانیی ئەمڕۆ شەممە 27ـی ئەیلوولی 2025، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆڕی نەوتی کەرکووک - جیهان بە سەرکەوتووانە دەستیپێکرد."
دوای زیاتر لە دوو ساڵ و نیو لە ڕاگرتنی هەناردەی نەوت، کاتژمێر 6:50 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 27ـی ئەیلوولی 2025 هەناردەکردنەوەی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان لە کێڵگەی نەوتی پێشابوورەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەستی پێکردەوە و ڕۆژانە 190 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی کوردستان لەو بەندەرە بەبازاڕ دەکرێت.
دوای چەندین کۆبوونەوەی شاندی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، دواجار ڕێککەوتنی سێقۆڵی لەنێوان هەردوو وەزارەت و کۆمپانیا بیانییەکانی وەبەرهێنانی نەوت کرا، بۆ ئەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەی بەندەری جیهان دەکرێتەوە.
هەر ئەمڕۆ عامر خەلیل، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی ڕێنماییەکانی سەرۆک وەزیران، محەممەد شیاع سوودانی و بە چاودێری وەزیری نەوت، حەیان عەبدولغەنی و بەهاوکاری ڕاستەوخۆی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە، 27ـی ئەیلوولی 2025، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردەوە.
گوتیشی: سوپاس بۆ خوا، کاتژمێر 6:00ـی بەیانی ئەمڕۆ هەناردەی نەوتی هەرێم دەستی پێکرد، کە ئێستا 190 هەزار بەرمیل هەناردە دەکرێت، ئەو بڕەش لەهەفتەکانی داهاتوودا زیاتر دەبێت، ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆسەی هەناردەکردنەکە هیچ کێشەیەکی بۆ دروست نەبووە، پرۆسەکە بەهاوکاری کارمەندانی کۆمپانیاکانی نەوتی باکوور و کارمەندانی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنەرانی کوردستان و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان زۆر ئاسان بوو.
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکوور گوتیشی: نەوتی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە خاکی تورکیا، بۆ ئەوەی بگاتە بازاڕەکانی جیهان.