مەسرور بارزانی بۆ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ: نابێت هیچ مووچەیەکی ئەمساڵ بفەوتێت

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی عێراق گفتوگۆیان لەبارەی چەندین پرسی گرنگ کرد، لەوانە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە، 27ی ئەیلوولی 2025، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵی عێراق، پێگەیشت.
"هەناردەکردنەوەی نەوت دەستکەوتێکی گرنگە"
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، لە میانی پەیوەندییەکەدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیان وەک "دەستکەوتێکی گرنگ" وەسف کرد و دووپاتیان کردووەتەوە "لە خزمەتی هەموو عێراقییەکاندایە."
سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، وەک ئەوەی لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە "سوپاسی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ گەیشتن بەم ڕێککەوتنە گرنگە و، لە بەرانبەردا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستخۆشی لە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کرد بۆ نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم گەیشتن بە ڕێککەوتنەکە. مەسرور بارزانی هیوای خواست ئەم ڕێککەوتنە ببێتە ڕێخۆشکەر بۆ دەرچوونی یاسای نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق."
مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای کرد "کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێت، تا چیتر خەڵکی کوردستان لە دڵەڕاوکێدا نەبن." هەروەها جەختی لەوە کردەوە "نابێت مووچەکانی ئەمساڵیش بفەوتێن. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە لە بودجەی گشتیی فیدراڵ بۆ ساڵی 2026، پێویستە هەرێمی کوردستان بەشە بودجەی خۆی هەبێت."
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ جەختی لەوە کردەوە "دەرفەتی ئابووری گرنگ لە ئارادان بۆ ئەنجامدانی گەشەپێدانی زیاتر لە هەموو عێراق، لە بەسڕەوە تا هەرێمی کوردستان."
پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان
لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە "تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان، گرنگیی ئەنجامدانی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان بوو. بۆ ئەم مەبەستە، بڕیارە بەم زووانە لیژنەیەکی تایبەت لە بەغداوە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات بۆ نەهێشتنی هەموو ئاستەنگەکان لە بەردەم جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە گرنگە، کە کاریگەرییەکی گەورەی لە سەر گەشەپێدانی ئابووری لە هەموو عێراقدا دەبێت."
هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان
دوای زیاتر لە دوو ساڵ و نیو لە ڕاگرتنی، کاتژمێر 6:50 خولەکی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 27ی ئەیلوولی 2025، هەناردەکردنەوەی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان لە کێڵگەی نەوتی پێشابوورەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەستی پێکردەوە.
بە گوێرەی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، لە قۆناغی یەکەمدا، ڕۆژانە 190 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی کوردستان هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکیا دەکرێت، دواتر بڕەکە قۆناغ بە قۆناغ زیاتر دەکرێت تا دەگاتە نزیکەی 230 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە.