پزیشکیان: ڕێوشوێنی پێویست بۆ بەرەنگاربوونەی سەپاندنەوەی سزاکان گیراوەتەبەر

مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران ڕایگەیاند: لە ئەگەری کاراکردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان، ڕێوشوێنی پێویست گیراوەتەبەر و لەم دۆخە دەرباز دەبین.

شەممە، 27ـی ئەیلوول 2025، مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران، پێش ئەوەی لە نیویۆرکەوە بۆ تاران بگەڕێتەوە، بە پەیامنێرانی ڕایگەیاند "لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، دیدار و گفتوگۆی زۆر باشمان لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا و سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی وڵاتانی فینلاند، سویسرا، نەرویج، عێراق، بۆلیڤیا و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەورووپا هەبوو. هەڵوێست و بۆچوونەکانی خۆمان خستەڕوو و سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، قسەمان کرد."

پزیشکیان لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: لەگەڵ لایەنە ئەورووپییەکان گەیشتینە ئەنجام، بەڵام تێڕوانینی ئەمەریکا جۆرێکی ترە و لە گەڵیاندا نەگەیشتینە هیچ لێکگەیشتنێک، چونکە داواکارییەکەی ئەمەریکییەکان قبووڵنەکراوە؛ ئەوان دەیانەوێت هەموو یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆمانیان بدەینێ، دیارە ئەوەش بە هیچ شێوەیەک جێگەی قبووڵ نییە."

سەرۆکی ئێران ڕوونی کردەوە "ئەگەر ئێمە ئێستا بە داواکارییەکانی ئەوان ڕازی بین، چەند مانگێکی دیکە داواکارییەکی دیکە دەخەنەڕوو هەڕەشەی کاراکردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان دەکەن! ئەگەر بڕیار بێت لەنێوان داواکارییە نالۆجیکییەکەی ئەوان و سەپاندنەوەی سزاکاندا، یەکێکیان هەڵبژێرین، ئەوا ئێمە سەپاندنەوەی سزاکان هەڵدەبژێرین."

پزیشکیان، گوتیشی: سەپاندنەوەی سزاکان کاریگەریی ئەوتۆیان لەسەر ئابووریی ئێران نابێت، چونکە ئێمە پەیوندیی پتەومان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ڕووسیا و چین و هیندستان هەیە. بێگومان بە پشتیوانیی خەڵکی خۆشەویستی ئێران کە باوەڕیان بە وڵات و یەکپارچەیی خاک و شکۆ و سەربەرزیی خۆیان هەیە، لەم دۆخە دەرباز دەبین."

سەرۆکی ئێران، ئاماژەی بە دیدار و گفتوگۆ و کۆبوونەوەکانی خۆی لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و گوتی: هەوڵمان دا لە ڕێگەی دیپلۆماسی، پەیامی سیاسەت و سەلامەتیی چالاکییە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەمان بگەیەنین و ڕایبگەیەنین ئێمە بەدوای چەکی ئەتۆمییەوە نین و ئیسرائیل و ئەمەریکا دەیانەوێت ئێران وەک تاوانبار نیشان بدەن.

 
 
Fly Erbil Advertisment