سەرۆکی حکوومەت لە تەندروستیی ئیسماعیل بێشکچی دەپرسێت

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تەندروستیی ئیسماعیل بێشکچی پرسی و ئامادەیی خۆشی بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە هاوکارییەکی دەربڕی.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە "ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە تەندروستیی نووسەر و کۆمەڵناسی ناسراوی تورک و دۆستی گەلی کورد؛ د. ئیسماعیل بێشکچی پرسی، کە ئێستا لە نەخۆشخانەیە."
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە "سەرۆکی حکوومەت لە پەیوەندییەکەدا لەگەڵ وەقفی ئیسماعیل بێشکچی، هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ بێشکچی خواست و ئامادەیی هەموو هاوکارییەکی بۆ چارەسەرکردنی دەربڕی."
شەوی ڕابردوو (شەممە، 27ـی ئەیلوولی 2025)، د. ئیسماعیل بێشکچی گەیەندرایە نەخۆشخانەی زانکۆی دیجلە لە دیاربەکری باکووری کوردستان.
ئیسماعیل بێشکچی لە 7ـی کانوونی دووەمی ساڵی 1939، لە گوندی ئیسکلیپی سەر بە پارێزگای چۆروم لە تورکیا، لە بنەماڵەیەکی تورکیی دیندار لەدایکبووە.
ناوبراو بە دۆست و داکۆکیکارێکی گەلی کورد ناسراوە، هەر بەم هۆیەشەوە بۆ ماوەی 17 ساڵ و دوو مانگ لە چەندین زیندانی جیاوازی وڵاتەکەیدا بەند کراوە و دواجار لە ساڵی 1974 ئازاد کرا.