وەقفی ئیسماعیل بێشکچی سوپاسی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دەکات

وەقفی ئیسماعیل بێشکچی سوپاسی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت "تەندروستیی بێشکچی بەرەو باشبوون دەچێت."

ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2025، ئیبراهیم گوربوز، سەرۆکی وەقفی ئیسماعیل بێشکچی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بێشکچی سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ هەواڵپرسین لە تەندروستی و ئامادەیی هاوکارییکردنی لە نەخۆشخانە."

گوربوز گوتیشی "تەندروستیی بێشکچی بەرەو باشبوون دەچێت و ئێستا ڕژانی خوێن لە مێشکیدا وەستاوە و هۆشیارە. ماوەی هەفتەیەک بوو مەترسی بەرزبوونەوەی فشاری خوێنی هەبوو، بەڵام ئێستا فشارەکە باشە و کۆنترۆڵ کراوە."

ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا "مامۆستا ئیسماعیل بێشکچی دوێنێ ئێوارە گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە. لە پشکنینە سەرەتایییەکاندا دەرکەوت کە ناتوانێت لای ڕاستی بجووڵێنێت و قسەکردنیشی تێکەڵ ببوو. لە تیشکی تۆمۆگرافیدا بۆمان دەرکەوت، خوێن لە بەشێکی گرنگی مێشکیدا ڕژابوو، بەڵام ئێستا وەستاوە." 

 

 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 

 

ئەمە لە کاتێکدایە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە "ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە تەندروستیی نووسەر و کۆمەڵناسی ناسراوی تورک و دۆستی گەلی کورد؛ د. ئیسماعیل بێشکچی پرسی، کە ئێستا لە نەخۆشخانەیە."

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە "سەرۆکی حکوومەت لە پەیوەندییەکەدا لەگەڵ وەقفی ئیسماعیل بێشکچی، هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ بێشکچی خواست و ئامادەیی هەموو هاوکارییەکی بۆ چارەسەرکردنی دەربڕی."

شەوی ڕابردوو (شەممە، 27ـی ئەیلوولی 2025)، د. ئیسماعیل بێشکچی گەیەندرایە نەخۆشخانەی زانکۆی دیجلە لە دیاربەکری باکووری کوردستان. 

ئیسماعیل بێشکچی لە 7ـی کانوونی دووەمی ساڵی 1939، لە گوندی ئیسکلیپی سەر بە پارێزگای چۆروم لە تورکیا، لە بنەماڵەیەکی تورکیی دیندار لەدایکبووە.

ناوبراو بە دۆست و داکۆکیکارێکی گەلی کورد ناسراوە، هەر بەم هۆیەشەوە بۆ ماوەی 17 ساڵ و دوو مانگ لە چەندین زیندانی جیاوازی وڵاتەکەیدا بەند کراوە و دواجار لە ساڵی 1974 ئازاد کرا.

Fly Erbil Advertisment