ئیحسان بابان: سەرجەم سزادراوان کارت تایبەت بەخۆیان دەبێت

بەڕێوەبەری چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: بۆ ئەوەی چیتر پارە بە کاش نەیێتە نێو چاکسازییەکان هەر بەندکراوێک کارتێکی تایبەت بەخۆی دەبێت بۆ ڕاکێشانی پارە.

ئیحسان بابان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2025، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: داوامان کردووە، ئەو پارەی بۆ سزادراون لەلایەن کەسوکارییانەوە دەنێردرێت، بە کارتی بانکی بێت، نەوەک بە کاش، دانایەک لە کارتەکە لەلایەن سزادراوەکە دەبێت و دانەیەکی دیکە لەلایەن کەسوکارییەوە دەبێت.

بەڕێوەبەری چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، گوتی: سوودەکانی ئەم کارتە لەوە دایە، ئەو پارەی دێتە نێو چاکسازییەکانەوە سنووردار بکرێت، هەروەها کۆنترۆڵکردنی ئەو پارەی دێتە نێو چاکسازییەکان و ئەمە جگەلەوەی کۆنترۆڵکردنی فەرمانبەرانی نێو چاکسازییەکانە، هەر خێزانێک دەتوانێت مانگانە بڕی 300 هەزار دینار لەو کارتە تۆماری بکات.

ئیحسان بابان، ئاماژەی بەوە کرد، لە نێو چاکسازییەکان ئامێری تایبەت دادەنرێت و هەر سزادراوێک دەبێتە خاوەنی کارتی تایبەت بەخۆی و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی چەندین گرفتمان بۆ چارەسەر دەکات.

لەر هەرێمی کوردستان. لە هەر سێ چاکسازییەکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی پێنج هەزار و 802 بەندکراو هەن.

 
Fly Erbil Advertisment