ژینگەی هەولێر: بەراورد بە ساڵی ڕابردوو هەوای هەولێر %80 پاکبووەتەوە

بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر، ئاماژە بەوە دەکات، هەوای هەولێر ڕۆژ بە ڕۆژ لە پاکبوونەوە دایە، چەندین ڕێککاری توندیان گرتووەبەر بۆ پاکبوونەوەی شارەکە.
دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ڕۆژ بە ڕۆژ هەوای هەولێر بەرەو پاکبوونەوە دەچێت، بەڵام هێشتا ماویەتی و پێویستی بە هەوڵی زیاترە بۆ پاکڕاگرتنی.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر گوتیشی: هەوای هەولێر بەراورد بە ساڵی ڕابردوو 80% پاکبووەتەوە، هەروەها لەگەڵ پرۆژەی ڕووناکی لە 50% پاکبووەتەوە، ئەمەش دەستکەوتێکی گەورەیە، چونکە چەندین ساڵە نەمانتوانییوە بەمشێوەیە پاکبکرێتەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، کوژاندنەوەی ژمارەیەکی زۆری مۆلیدەی گەڕەکەکان و داخستنی ژمارەیەک پاڵاوگەی نایاسای و دانانی فلتەر بۆ چێشتخانەکان، هەروەها ڕێگریکرن لە دووکەڵی زۆری ئۆتومبێلەکان، هۆکاری سەرەکی پاکبوونەوەی هەوای هەولێرن.
دڵشاد هیرانی باسی لەوە کرد، گازوایل و بەنزینی هەولێر لەڕووی کەواڵێتی زۆرباشبووە و چەندین ڕێککاری توندیان گرتووەتەبەر.
ڕۆژی یەکشەممە، 12-01-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی کێشەی پیسبوونی ژینگە و هەوای هەردوو شاری هەولێر و دهۆک، چەند بڕیارێکی لەم بارەیەوە دەکرد، هەر ڕۆژی دواتری، فەرمانگەی ژینگەی هەولێر، سێ هێڵی گەرمی پەیوەندی کارا کرد، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لەم ڕێگەیەوە، وێنە و ڤیدیۆیبەڵگەی پیسبوونی ژینگە بنێرن.