لە سنووری مەخموور باوکێک و سێ کوڕی بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێک گیانیان لەدەستدا

 K24 - هەولێر

لەکاتی چوون بۆ کارکردن لە گوندی خەرباریی سنووری ناحیەی باقرت لە قەزای مەخموور، بۆمبێک بە چەند کەسێکدا تەقییەوە لە ئەنجامدا چوار کەس گیانیان لەدەستدا کە باوکێک و سێ کوڕین.

رزگار مستەفا، قایمقامی مەخموور بە کوردستان24ـی راگەیاند "ئەمڕۆ (سێشەممە، 20-10-2020) لەسەر رێگەی گوندی خەرباریی بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقییەوە کە ژمارەیەک کرێکاری دەگواستەوە گوندەکە و بەداخەوە لە ئەنجامدا چوار کەس گیانیان لەدەستدا کە باوکێک و سێ کوڕین".

گوندەکە پێشتر لەدەستی داعش بووە، بۆیە نازانرێت ئایا ئەو بۆمبە تازە دانراوە، یان هی سەردەمی داعش بووە و تازە تەقیوەتەوە، قایمقامی مەخموور دەڵێ "هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوە دەستی پێکردووە".

باوکەکە ناوی حاجی سەلامە و خەڵکی مەخموورن و لەگەڵ سێ کوڕەکەی کرێکار بوون. بەهۆی تەقینەوەی بۆمبەکە جگە لە گیانلەدەستدانی ئەو چوار کەسە، کرێکارێکی دیکەش بریندار بووە .

 

هـ.ر.