لابردنی سفرەکانی سەر دیناری عێراقی نیگەرانیی هاووڵاتییان لێکەوتووەتەوە

بڕیارە پێشنیازکراوەکەی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ لابردنی سێ سفر لەسەر دراوی دینار، کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتووەتەوە. بەپێی پرۆژەکە، یەک ملیۆن دینار دەبێتە هەزار دینار و هەزار دیناریش دەبێتە یەک دینار، ئەمەش بووەتە جێی نیگەرانیی بەشێک لە هاووڵاتییان و ئابووریناسان.

هاووڵاتییان ترسیان لەوە هەیە کە ئەم گۆڕانکارییە کاریگەریی نەرێنی لەسەر بژێوی ژیانی ڕۆژانەیان هەبێت، بەتایبەت چینی کرێکار و مووچەخۆران. هاوکات، شارەزایانی ئابووری هۆشداری دەدەن کە جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە لە ئێستادا مەترسیدارە و پێویستی بە ژێرخانێکی ئابووریی بەهێز و ڕێکاری پێشوەختە هەیە.

سەفوان قوسەی، شارەزایەکی ئابووری لەو بارەوە بە کوردستان24ی گوت: "سەقامگیریی دارایی و ئابووری هیچ پێویستی بە بوومەلەرزەیەکی دیکەی دارایی نییە, ئەو جۆرە هەنگاوانە پێویستیان بە چەندین مانگە و یەکەم زەرەرمەند مووچەخۆرانن."

هاوکات هاووڵاتییەک دەڵێت: "بەر لەوەی ئەو هەنگاوە بنرێت، پێویستە حکوومەت ڕای هاووڵاتییان وەربگرێت و دواتر مووچە و ڕۆژانەی کرێکار زیاد بکات، بۆ ئەوەی هاووڵاتی بۆ ئەو شۆکە ئامادە بێت. چونکە لە ڕاستیدا مووچە کەمە و بەشی پێداویستییەکانی تاک ناکات."

لابردنی سفرەکانی سەر نەختینە ئەگەر ببێتە ڕاستی، دەرگایەکی نوێیە بۆ سپیکردنەوەی پارە بەڕووی گەندەڵکاراندا دەکرێتەوە، بەتایبەت ئەو سامانە زۆرەی کەوتووەتە دەستیان.

پسپۆڕان جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێش جێبەجێکردنی پرۆژەیەکی لەم شێوەیە، دەبێت عێراق خاوەنی ئابوورییەکی بەهێز، یەدەگێکی گەورەی دارایی و سیستەمێکی چاودێریی توندوتۆڵ بێت بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە بەلاڕێدابردنێک.

 
 
Fly Erbil Advertisment