لە هەرێمی کوردستان خواست لەسەر کڕینی زیو زیادی کردووە
بەهۆی خواستی زۆری هاووڵاتییان بۆ قاڵبی زیو کە نرخەکەی لەگەڵ پار ساڵ نزیکەی دووهێند بووە، لە ئێستادا بە قورسی لە بازاڕ دەستدەکەوێت.
پارساڵ، 18 تۆن زیو هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە، بەڵام ئەمساڵ، تەنیا لە ماوەی ئەم نۆ مانگەدا زیاتر لە 60 تۆن زیو هاوردەکراوە و لە ئێستادا ئەگەر قاڵبی زیوت بوێت ناچار دەبیت زیاتر لە 60 ڕۆژ چاوەڕوان بیت.
وشیار حەیدەر، بازرگانێکی زیوە لە بازاڕی هەولێر بە کوردستان24 ڕاگەیاند، "کەسی وا هەبووە هاتووەتە لام و 200 تا 300 کیلۆ زیوی لەنێو ماڵەکەی خۆیدا داناوە."
بە گوتەی ئەم بازڕگانەی هەولێر، ئەگەر ئەمەریکا لەو سیاسەتەیدا بەردەوام بێت، بۆی هەیە نرخی قاڵبێک زیو تا 2000 دۆلار بڕوات.
پارساڵ، هاوردەکردنی زێڕ زیاتر بووە لە زیو بە جۆرێک، پارساڵ 60 تۆن زێڕ لە وڵاتانی تورکیا و ئیمارات هاوردەکراوە، بەڵام بۆ ئەمساڵ ڕێژەکە دابەزیوە بۆ نۆ تۆن.
هەندرێن وەرتی، سەرۆکی سەندیکای زێڕەنگرانی هەرێم گوتی: هۆکاری گرانبوونی زێڕ و زیو، بانکی ناوەندی عێراقە، چونکە دۆلار بە بازڕگانانی زێر لە هەرێمی کوردستان نادات.
سەرۆکی سەندیکای زێڕەنگرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکرد، لە هەردوو فڕۆکەخانەی بەغدا و نەجەف زێڕ هاوردە دەکرێت بەڵام کوردستان لەوە بێبەشە.
بە گوتەی ئەو کەسانەی کار لە کڕین و فرۆشتنی زێڕ دەکەن، ڕەنگە لە داهاتوودا جگە لە وڵاتانی ئیمارات و تورکیا، هاوردەکردنی زێڕ لە ئێرانیش دەستپێبکات کە ئەمەش وادەکات هاوردەکردن زیاتر ببێت و هەرێمی کوردستان ببێتە ناوچەیەک بۆ گواستنەوە و هاوردەکردن و هەناردەکردنی زێڕ.