بەرپرسەکەی هاوپەیمانیی نیشتمانی لەلایەن پەکەکە دەستبەسەرکراوە
هاوپەیمانی نیشتمانی داوای دەستبەجێ ئازادکردنی دەکات
.jpg)
K24 - هەولێر
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی هاوپەیمانی نیشتمانی کە لە رۆژی پێنجشەممەی رابردووەوە بێ سۆراخ بوو، لەلایەن پەکەکەوە لە قەندیل دەستبەسەر کراوە.
جەلال ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی هاوپەیمانیی نیشتمانی ئەمڕۆ (سێشەممە، 20-10-2020) بە کوردستان24ـی راگەیاند "محەمەد گرتکی، ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی هاوپەیمانی نیشتمانی لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستانەوە دەستبەسەرە".
جەلال ئەحمەد هەروەها ئاشکرای کرد؛ حیزبەکەی پەیوەندیی بە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە کردووە، بەهۆی ئەوەی محەمەد گرتکی لە سنووری ئەوان بێسەروشوێن بووە، تاوەکو سۆراخی بزانن، ئەوان پێیانگوتوون: "بەڵێ، لەلای ئێمە دەستبەسەرە".
هاوپەیمانیی نیشتمانی سەرلەبەری تۆمەتەکان لەدژی ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی حزبەکە رەتدەکاتەوە، جەلال ئەحمەد هەروەها دەڵێ: "داوا لە پارتی کرێکارانی کوردستان دەکەین، دەستبەجێ هاودیدمان محەمەد گرتکی ئازاد بکەن".
باوەڕ محەمەد، کوڕی گەورەی محەمەد گرتکی پێشتر بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو "باوکم لە کاتژمێر 09:00ـی بەیانیی رۆژی پێنجشەممە (15-10-2020) لە ماڵ دەرچووە (لە رانیە) و لە کاتژمێر 12:00ـی هەمان رۆژ مۆبایلەکەی کوژاوەتەوە و بێسەروشوێنە".
بنەماڵەی بەرپرسەکەی دەڤەری راپەڕینی هاوپەیمانی نیشتمانی، هەمان رۆژی ونبوونی، ئاسایش و پۆلیسی رانیەیان ئاگادارکردووە.
محەمەد گرتکی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە لە ماڵەکەی دەرچووبوو. جەلال ئەحمەد دەڵێ "پەکەکە خۆیان بەشوێنیان ناردووە بۆ ئەوەی زانیاریی لێوەربگرن و محەمەد گرتکیش هەر خۆی بەتەنها بۆ لای ئەوان چووە".
هـ.ر.