لە زیقار ڤایرۆسێکی مەترسیدار لەناو ماسی بڵاو بووەتەوە

لە زیقار ڤایرۆسێکی مەترسیدار لەناو ماسییەکان بڵاوبووەتەوە و زیانی زۆری لە خاوەن کێڵگەکانی بەخێوکردنی ماسی داوە.

ڤایرۆسەکە ناوی هێرپیسە، دەبێتە هۆکاری دروستبوونی پەڵە لەسەر جەستەی ماسییەکان و دواتریش ڕەقبوونیان. بەخێوکەرانی ماسی دەڵێن؛ دەیان کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە بێکاربوون و حکوومەتیش تا ئێستا هیچ وەڵامدانەوەیەکی نەبووە. بەرپرسی سامانی ئاژەڵی زیقاریش ئاماژەی بەوەداوە، هۆکاریی سەرەکی بڵابوونەوەی ئەو ڤایرۆسە وشکەساڵیە.

خاوەن کێڵگەی بەخێوکردنی ماسی بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو نەخۆشیەی بڵاوبووتەوە وا لە ماسییەکان دەکات لەجێگەی خۆیان بوەستن، هەروەها پەڵە و نیشانە لەسەر جەستەیان دروستدەکات، ئەم کێڵگانە دەیان کەس لەسەری دەژی بە خاوەن و کرێکارەوە، ئاوی ئاوەڕۆ تێکەڵی حەوزەکان دەبن بۆیە ئەم ڤایرۆسە بڵاوبووتەوە.

خاوەن کێڵگەیەکی دیکەی بەخێوکردنی ماسی دەڵێت: بەڕاستی زۆر زەرەرمەندین، کێشەمان زۆر بۆ دروستبووە. ئێمە دەرمانی بازرگانی دەکڕین بە پارەیەکی زۆر، حکوومەتیش هاوکاریمان ناکات. ڤایرۆسەکە لەسەر جەستەی ماسییەکان دەردەکەوێت و دەیانکوژێت.

زیانەکانی ڤایرۆسی هێرپیس تەنیا لەبواری ژینگە و ئاسایشی خۆراک نین، بەڵام ئابووی ناوخۆیی پەکخستووە، چونکە هەزاران کەس بژێوی ژیانیان لەسەر بەخێوکردنی ماسییە، لەگەڵ زۆربوونی زیانەکانیشیان زۆرینەی خاوەن پرۆژەکان پرۆژەکانیان دابخەن، حکوومەتیش هیچ پشتیوانییەکیان ناکات.

 مەسیم عەباس، بەرپرسی سامانی ئاژەڵ لە زیقار ڕایگەیاند، وشکەساڵی و لێکەوتەکانی لەگەڵ گۆڕانە ژینگەییکان بوونەتە هۆکاری بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە بەتایبەتی لە ناوچەی زۆنگاوەکان. کەمبوونەوەی ئاستی ئاو بووەتە هۆکاری تێکچوونی زنجیرەی خواردنی ماسییەکان، ئەمەش زیانی لەو کەسانە داوە کە ماسی بەخێودەکەن. دەتوانم بڵێم هۆکاریی سەرەکی ئەم کێشانە وشکەساڵیە.

سەرباری گەورەی کارەساتەکە، هێشتا حکوومەت وەڵامدانەوەی بۆ ئەم ڤایرۆسە نەبووە، ئەوەش خەڵکی هێندەی دیکە توڕە کردووە و داوادەکەن دەستوەردانی بەپەلە بکرێت پێش ئەوەی کار لە کار بترازێت.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment