سیستەمی نەخۆشخانەکانی شێرپەنجە کرانە ئەلیکترۆنی

وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سیستەمی بە ئەلیکترۆنیکردنی داتاکانی نەخۆش و لە نەخۆشخانەی نانەکەلی هەموو جوڵەیەکی نەخۆش هەر لە هاتنی بۆ نەخۆشخانە تاوەکوو دەرچوونی هەمووی تۆماردەکرێت.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ناوەڕۆکی کارکردنی تەندروستی بریتییە لە سیستەمی بە ئەلیکترۆنیکردن و داتای نەخۆش، چونکە هەموو بڕیارێکی دروست لەسەر بنەمای داتا دەدرێت، هەروەها ئەو بڕیارانەی لەسەر نەخۆشیش دەدرێت، لەسەر بەنامەی پرۆفایل و دۆسیەی نەخۆشە، گوتیشی: وردە وردە لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان دەستمان بە سیستەمی ئەلیکترۆنی کردووە، کە دواهەمین پرۆژەی بەئەلیتکترۆنیکردنی سیستەمی تەندروستی بریتییە لە نەخۆشخانەکانی شێرپەنجە.

ئاماژەی بەوەشدا، پێشتر ئەو پرۆژەیە لە نەخۆشخانەی شێرپەنجەی هیوا لە سلێمانی هەبوو، لە نەخۆشخانەی نانەکەلیش بە بودجەیەکی باش پەرەی پێدراوە، بەهەمان شێوەش بۆ نەخۆشخانەی ڕزگاری بەشی شێرپەنجە و نەخۆشخانەی ئومێد لە دهۆک ئەنجام دەدرێت، دەشڵێت: ئەم سیستەمە هەموو خزمەتگوزارییەکانی نەخۆشانی شێرپەنجە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، هەر لەهاتنە ژوورەوەی نەخۆش تاوەکوو دەچێتە دەرەوەی نەخۆشخانە. جگە لەوەش سیستەمی داتاکانی نەخۆش بەیەکەوە دەبەسترێتەوە.

وەزیری تەندروستی گوتیشی: لەڕێگەی ئەو سیستەمەوە داتای هەموو نەخۆشێکی شێرپەنجە تۆمارە، ئەمەش ڕێگە لە بەهەدەردانی دەرمانی شێرپەنجەش دەگرێت، چونکە دەرمانی شێرپەنجە نرخەکەی زۆر گرانە و لەدەرەوەی نەخۆشخانە نییە، بۆیە هیچ پشکنین و بەکارهێنانی دەرمانێک نامێنێت کە لەو سیستەمە تۆمار نەکرێت.

باسی لەوەشکرد، بایۆمەترییەک بۆ هەموو هاووڵاتیان دەکەین، واتە هاووڵاتی خاوەنی کۆدی تەندروستی دەبێت، ئەمەش دەبێتە بنەمایەک بۆ ئەو یاسایەی کە ئێمە ئامادەمان کردووە و درافتەکەی لە ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی شورا تەواو بووە، بڕیارە لە بەزووترین کات لە پەرلەمان بڕیاری لەسەر بدرێت وەکو یاسای بیمەی تەبدروستی. کە هەموو هاووڵاتیەک دۆسیەی لەدەستی حکوومەت دەبێت بە سیستەمی ئەلیکترۆنی.

د. دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر گوتی: یەکێک لە گرنترین کارنامەکانی حکوومەت جێبەجێ دەکەین، ئەویش کەمکردنەوەی ڕۆتین و بە ئەلیکترۆنیکردنی سیستەمی تەندروستییە، کە لەهەولێر لە نەخۆشخانەی پیرمام، سەنەتری تالاسیما  و بەڕێوەبەرایەتی بانکی خوێن، گوتیشی: ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی نانەکەلی سیستەمی بە ئەلیکترۆنیکردنی جێبەجێ دەکەین، کە جولەی نەخۆش بەداتاکانەوە تۆمار دەکرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ڕۆتین و کارئاسانی کردن بۆ هاووڵاتیان.

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment