دەرمانی شێرپەنجە لە ئێرانەوە بە قاچاخ دەهێنرێتە عێراق

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، هۆشدارییەکان لە ناوخۆی ئێران سەبارەت بە مەترسییەکانی بەقاچاخبردنی دەرمانی شێرپەنجە بۆ دەرەوەی وڵات زیادی کردووە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ژمارەیەک دەرمانی 'ئۆرجیناڵ' بە بارکۆدی ئێرانییەوە لە دەرمانخانەکانی عێراق دۆزراونەتەوە، لە کاتێکدا بازاڕی دەرمانی ئێران بەدەست کەمبوونی ئەم جۆرە دەرمانە و  بەرزبوونەوەی نرخەکەی گرفتارە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "خەبەر ئۆنلاین"، نرخی هەندێک لە دەرمانەکانی شێرپەنجە لە بازاڕی ڕەشی ئێراندا گەیشتووەتە 150 بۆ 250 ملیۆن تومەن، بەگوێرەی ئامارەکان تەنیا لە هاوینی ئەمساڵدا دەست بەسەر زیاتر لە 93 هەزار پاکەت دەرمانی قاچاخدا گیراوە، هەروەها بەشێک لەو دەرمانانە بە دراوی حکوومی و پاڵپشتیکراو هاوردە دەکرێن یان بەرهەم دەهێنرێن، بەڵام بۆ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت عێراق بەقاچاخ دەبرێن، لە بەرامبەردا لە ناوخۆی ئێراندا شووشە و پاکەتەکان بە "ئاوی دڵؤپێنراو" پڕ دەکرێنەوە و وەک دەرمانی ئۆرجیناڵ بە نەخۆشەکان دەفرۆشرێنەوە.

ڕاپۆرتە میدیاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن دەرمانی 'Femara'، کە چارەسەرێکی سەرەکییە بۆ شێرپەنجەی مەمک، لە بازاڕەکانی ئێراندا بەتەواوی کەمبووەتەوە و دەستناکەوێت، هەرچەندە نرخە فەرمییەکەی تەنیا 2.2 ملیۆن تومەنە. بەڵام هەمان دەرمان بە پاکەت و بارکۆدی ئێرانییەوە لە دەرمانخانەکانی عێراق بەدی کراوە و نرخی هەر پاکەتێکی دەگاتە نۆ ملیۆن تومەن.

لێکۆڵینەوەی دەزگا چاودێرییەکان بووەتە هۆی ئاشکراکردنی کارگەیەکی نهێنی لە شاری شیراز کە سەرقاڵی دروستکردنی پاکەتی ساختە بوون، هەروەها دەرکەوتووە کە بڕێکی زۆر لە دەرمانی ئۆرجیناڵ بە شێوەی "یاسایی" و لە ڕێگەی پۆستەوە ڕەوانەی شارە سنوورییەکان کراون بۆ ئەوەی دواتر بەقاچاخ ببرێنە دەرەوە.

بەشێک لە شایەتحاڵەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کۆڵبەران لە سنوورەکانەوە دەرمانەکان دەگوازنەوە بۆ عێراق، پێشتریش لە پارێزگای خۆراسانی باشوور، دەست بەسەر بارهەڵگرێکدا گیراوە کە 730 هەزار پاکەت دەرمانی دەگمەنی تێدابووە و بەهاکەی بە نزیکەی 20 ملیار تومەن مەزەندە کراوە.

ڕۆژنامەی "ئیعتیماد" لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، سەرەڕای بوونی سیستەمی شوێنگرتنی دەرمان، بەڵام بەهۆی بەکارهێنانی ڕەچەتەی پزیشکیی ساختە و دزینی دەرمان لە کۆگای نەخۆشخانە حکوومییەکانەوە، دەرمانەکان دەبرێنە بازاڕی ڕەشەوە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، ئەگەری تێوەگلانی هەندێک دەرمانخانە هەیە کە بڕێکی زۆر دەرمان وەردەگرن، بەبێ ئەوەی بزانرێت چی بەسەر ئەوە دەرمانانە دێت.

لە لایەکی دیکەوە بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئێران، جەخت لەوە دەکەنەوە، چاودێرینەکردن لە گەیاندنی دەرمانەکە بە نەخۆش، دەرگا دەکاتەوە بۆ فرۆشتنی دەرمان لە بازاڕی ڕەش یان بەقاچاخبردنی. ئەمەش هەڕەشەی راستەوخۆیە بۆ سەر نەخۆشانی شێرپەنجە و زیانی ئابووری گەورەی لێدەکەوێتەوە.

ڕاپۆرتە پزیشکییەکان هۆشداری دەدەن کە بڵاوبوونەوەی دەرمانی ساختە کە هەندێکیان ئاوی دڵۆپێنراون ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە ژیانی نەخۆشەکان دەکات.

بەڕێوبەرایەتی خۆراک و دەرمان پێیوایە چارەسەرکردنی قەیرانەکە پێویستی بە بەهێزکردنی دەرمانی ستراتیژی و دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ هاوردەکردن، توندکردنی چاودێری دەرمانخانە و نەخۆشخانەکان و هەماهەنگی زیاتر لەنێوان دەزگا ئەمنییەکان و رێکخراوەکانە بۆ بڕینی بە قاچاخبردن.

 

 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment