ڕووسیا.. 25 کەس بەهۆی خواردنەوەی کحولی ساختەوە گیانیان لەدەستدا

زیاتر لە 25 کەس بەهۆی خواردنەوەی کحولی ساختە کە نرخی بوتڵێکی یەک دۆلار بووە، ژەهراویبوون و گیانیان لەدەستدا، ئاژانسەکانی هەواڵی رووسیا دەڵێن، نزیکەی سەدا 45ـی خواردنەوە ساختەکە لە کحول پێکهاتبوو.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی ئیزڤێستیای ڕووسی، ڕووداوەکە لە شاری سلانتسی هەرێمی لینینگراد ڕوویداوە و هۆکارەکەشی بەکارهێنانی خواردنەوەی کحولی ساختەی دەستکردی ماڵ بووە.
لە کاتی بەدواداچوونی هێزە ئەمنییەکان بۆ ڕووداوەکە، نیکۆلای تەمەن 78 ساڵ و ئۆلگای تەمەن 60 ساڵ دەستگیرکران، چونکە بوتڵی شووشەی بەتاڵیان لە ماڵی نیکۆلای دۆزیوەتەوە، ئۆلگاش بەوە تۆمەتبار کراوە کە خواردنەوەی کحولی دەستکردی ماڵی بۆ نیکۆلای بردووە و لەوێ هەر بوتڵێکیان بە یەک دۆلار فرۆشتووە، لایەنە فەرمییەکان ڕایانگەیاند: نیکۆلای بە ژەهراویکردنی هاوسەرەکەشی تۆمەتبارە کە یەکێکە لەو کەسانەی بەهۆی خواردنەوەی کحولییەوە گیانی لەدەستداوە.
ژەهراویبوونی بە کۆمەڵی ئەو کەسانەی خواردنەوە کحولییەکان دەخۆنەوە لە ڕووسیا، بە بەردەوامی ڕوو دەدات، چونکە خواردنەوەی کحولی دەستکردی ماڵ نرخی هەرزانە، ئاڵوودەبوون و کێشەی ئابووری و کەمی مووچە هۆکارن کە خەڵکی نەتوانن خواردنەوەی کحولی گران بکڕن، ئەو هۆکارانە وایان کردووە دروستکردنی خواردنەوەی کحولی لە ماڵەوە زۆربن.