روانگەی عێراقی سەوز: لە زستاندا خۆڵبارین بەردەوام دەبێت

روانگەی عێراقی سەوز رایگەیاند، لە وەرزی زستاندا شەپۆلەکانی خۆڵبارین و گەردەلوولی لم لە عێراق بەردەوام دەبن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، روانگەکە لە راپۆرتێکدا روونیکردەوە، خۆڵبارینەکانی ئەم دواییە بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی چالاکیی سەرچاوەکانی ناوخۆی عێراقەوە بوون. هاوکات کاریگەریی نەرێنیی وڵاتانی دراوسێ لەو رووەوە، دۆخی ژینگەییی عێراقی ئاڵۆزتر کردووە.

بەردەوامیی خۆڵبارین بەڵگەیەکی روونە لەسەر ئەوەی زەوییە بەبیابانبوو و پشتگوێخراوەکان هێشتا لەوپەڕی چالاکیدان، کە رێژەکەیان بە زیاتر لە 23%ـی خاکەکە مەزەندە دەکرێت. بارانبارین و لافاوەکان نەیانتوانیوە رێگری لەو چالاکییە بکەن، چونکە بەبێ گەڕانەوەی چالاکیی کشتوکاڵی بۆ ئەو زەوییانە، کۆنترۆڵکردنی خۆڵبارین ئەستەمە.

راپۆرتەکە ئاشکرایکردووە، وڵاتانی دراوسێ بەهۆی شەش سەرچاوەی چالاک لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق، تووشی شەپۆلی گەردەلوولی لم بوونەتەوە. چاودێرییەکە تێبینیی ئەوەی کردووە، سەرەڕای گفتوگۆ زۆرەکان لەبارەی دروستکردنی پشتێنەی سەوز و چاندنی دار لە چەند پارێزگایەک، هیچ ئاسەوارێکی کردەیی لەو رووەوە بەدی ناکرێت و ئەو هەنگاوانە نەبوونەتە هۆی کەمکردنەوەی گەردەلوولەکان.

روانگەکە  هۆشداری دا، گەردەلوولەکان کاریگەریی نەرێنییان بۆ سەر تەندروستیی هاووڵاتییان هەیە، بەتایبەت ئەو کەسانەی نەخۆشیی هەناسەدانیان هەیە وەک رەبوو و هەوکردنی گیرفانەکانی لووت. گەردەلوولی لم مەترسییەکی گەورەیە و لە دوورمەودادا رەنگە ببێتە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجە، چونکە گەردیلەکانی خۆڵەکە لەوانەیە ماددەی ژەهراوی لەو ناوچانەوە هەڵبگرن کە لێیانەوە هەڵدەکەن.