گەندەڵییەکی گەورە لە بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی سەڵاحەددین ئاشکرا کرا
ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ـی تشریی یەکەمی 2026، دەستەی دەستپاکی لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، تیمێکی لێکۆڵینەوەی سەر بە نووسینگەی سەڵاحەددین دوای بەدواداچوون و وردبینی، گەندەڵییەکیان لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگاکەدا بە بەهای دوو ملیار دینار ئاشکرا کرد .
ئاماژەی بەوەشداوە، بەرپرسی هۆبەی سزاکان کە ئەفسەرێکە بە پلەی عەقید و بە بڕیاری دادگا راگیراوە، دەستی لە یارییکردن بە 34 هەزار و 164 پسوولەی سزاداندا هەبووە و لەو رێگەیەوە بڕی 1 ملیار و 853 ملیۆن و 200 هەزار دیناری بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکارهێناوە.
تیمەکانی دەستەی دەستپاکی بە بڕیاری دادوەری تایبەتمەند هەڵیانکوتاوەتە سەر بەڕێوەبەرایەتییەکە و دەستیان بەسەر سەرجەم ئەو پسوولانەدا گرتووە کە ساختەکارییان تێدا کراوە.
لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەدا، تیمەکان گەندەڵیی ئەفسەرێکی دیکەیان بە پلە عەقیدیان ئاشکراکردووە، ئێستا دەستبەسەرە، ئەو ئەفسەرە یاری بە پسوولەکانی سزای تیژڕۆیی کردووە و بڕی 339 ملیۆن و 135 هەزار دیناری بردووە، هاوکات دەست بەسەر 22 هەزار پسوولەدا گیراوە کە لەو کارە نایاساییەدا بەکارهێنراون.
لێکۆڵینەوەکان سێ ئەفسەری باڵای دیکەشی گرتووەتەوە کە یەکێکیان بە پلەی عەمید و دووانیان بە پلەی عەقید بوون. ئەوان بەهۆی کەمتەرخەمی لە وردبینیکردنی داتاکانی تایبەت بە سزاکان و رێگری نەکردن لەو تاڵانییە، رووبەڕووی لێکۆڵینەوە بوونەتەوە.
دەستەی دەستپاکی جەختیکردەوە، بەپێی ماددەی 315ـی یاسای سزادانی عێراق، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ هەردوو کەیسەکە کراوەتەوە. سەرجەم بەڵگە و پسوولە دەستبەسەرداگیراوەکان رادەستی دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند بە پرسەکانی دەستپاکی لە سەڵاحەددین کراون تا رێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر تۆمەتباران بگیرێتەبەر.