91 قوربانی لەژێر داروپەردووی قوتابخانە ڕووخاوەکەی ئیندۆنیزیادا ماون

91 کەس لە ژێر داروپەردووی قوتابخانە ڕووخاوەکەی ئیندۆنیزیا ماون؛ سێ قوتابی گیانیان لە دەست داوە.
تیمەکانی فریاگوزاری و دایکان و باوکانی قوتابییانی قوتابخانەیەکی ئیسلامی لە سیدوارجۆی ئیندۆنیزیا، بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ ڕزگارکردنی ئەو کەسانەی لەژێر داروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکەدا ماون.
ئەم ڕووداوە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، 29ی ئەیلوولی 2025، لە کاتی کۆبوونەوەی قوتابییان و مامۆستایان بۆ نوێژی بە کۆمەڵەی عەسر ڕوویدا.
گوتەبێژی ئاژانسی بەڕێوەبردنی کارەسات و کەمکردنەوەی زیانەکان لە حکوومەتی ئیندۆنیزیا ڕایگەیاندووە، بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، سێ قوتابی گیانیان لەدەستداوە و 38 کەسیش بێسەروشوێنن. هەروەها مەزەندە دەکرێت 91 کەسی دیکە تا ئێستا لەژێر داروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکەدا مابن.
لەوبارەیەوە، ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری ئێمی فریزەر، بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای گەڕان و ڕزگارکردنی نیشتمانیی ئیندۆنیزیا، بڵاوی کردووەتەوە، تیمەکانی فریاگوزاری هەوڵدەدەن کەلوپەلی سەلامەتی بەو کەسانەی بگەیەنن کە هێشتا زیندوون و لەژێر داروپەردوو ماون.
فریزەر ئەوەشی خستووەتەڕوو، تیمەکانیان لە حەوت شوێنی جیاوازدا هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە، کە گومان دەکرێت هێشتا کەسی زیندوویان تێدا مابێت.