عێراق پێشوازی لە پلانی ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە دەکات

وەزارەتی دەرەوەی عێراق پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 01ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا پێشوازی لەو دەستپێشخەرییە کرد کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکاوە، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕ لە کەرتی غەززە ڕاگەیەندراوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، وەزارەتەکە ستایشی ئەو پێشنیازانەی کردووە کە لە دەستپێشخەرییەکەدا هاتوون، تایبەت بە ڕاگرتنی شەڕ، ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە، و ڕێگریکردن لە ئاوارەکردنی گەلی فەڵەستین. هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، نابێت ڕێگە بە لکاندنی کەناری ڕۆژئاوا بە ئیسرائیلەوە بدرێت.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق هیوای خواستووە کە ئەم پێشنیازانە ببنە هۆی کۆتاییهێنان بە ئازارەکانی گەلی فەڵەستین لە کەرتی غەززە و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بەبێ هیچ کۆت و بەندێک بۆ دانیشتووانی کەرتەکە مسۆگەر بکات، هەروەها ڕێگری لە هەر هەوڵێک بۆ ئاوارەکردنیان بکرێت.
ڕۆژی دووشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی ھاوبەشدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاھۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، پلانێکی بۆ کۆتاییھێنان بە شەڕی غەززە ڕاگەیاند.
پلانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئاگربەستی غەززە:
قۆناغی یەکەم: ئاگربەستی دەستبەجێ و ئاڵوگۆڕی بارمتەکان
- کاتێک هەردوو لا ڕازی بن، جەنگ دەستبەجێ کۆتایی دێت و هێزەکانی ئیسرائیل دەکشێنەوە بۆ هێڵە ڕێککەوتووەکان، لەگەڵ ڕاگرتنی سەرجەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان.
- لە ماوەی 72 کاتژمێردا دوای ڕێککەوتن، سەرجەم بارمتەکان، زیندوو و مردوو، دەگەڕێندرێنەوە.
- دوای ئازادکردنی بارمتەکان، ئیسرائیل 250 زیندانی فەلەستینی کە سزای زیندانی هەتاهەتاییان هەیە و 1700 غەززەیی دیکە (گیراوانی دوای 7ی تشرینی یەکەمی 2023)، لەوانە هەموو ژن و منداڵان، ئازاد دەکات. لە بەرامبەر هەر تەرمێکی بارمتەی ئیسرائیلیدا، ئیسرائیل 15 تەرمی هاووڵاتی غەززە دەگەڕێنێتەوە.
قۆناغی دووەم: ئاوەدانکردنەوە، حوکمڕانی و ئاسایشی غەززە
- غەززە دەبێتە ناوچەیەکی بێ تووندڕۆیی و تیرۆر، هەڕەشە بۆ سەر دراوسێکانی دروست ناکات، و دووبارە پەرەی پێدەدرێتەوە بۆ ئەوەی خەڵکەکەی چیدیکە ئازار نەچێژن.
- ئەو ئەندامانەی حەماس کە پابەند دەبن بە پێکەوەژیانی ئاشتییانە و دانانی چەکەکانیان، لێبووردنیان بۆ دەردەکرێت، و ئەوانەی دەیانەوێت غەززە جێبهێڵن، ڕێگایەکی سەلامەتیان بۆ دابین دەکرێت.
- حەماس و لایەنەکانی دیکە هیچ ڕۆڵێکیان لە حوکمڕانی غەززەدا نابێت و سەرجەم ژێرخانە سەربازییەکانیان، لەوانە تونێلەکان و کارگەکانی چەک، وێران دەکرێن. پرۆسەیەک بۆ داماڵینی چەک لە غەززە بە چاودێری سەربەخۆ بەڕێوەدەچێت.
- غەززە لە ژێر حوکمڕانی ڕاگوزەردا دەبێت کە لیژنەیەکی فەڵەستینیی لێهاتوو و شارەزا لەگەڵ چاودێریی ئەنجوومەنێکی ئاشتی نێودەوڵەتی نوێ، بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ و ئەندامێتی وەک تۆنی بلێر، بەڕێوەی دەبات. ئەم ئەنجوومەنە چوارچێوە و بودجەی پەرەپێدانی غەززە بەڕێوەدەبات.
- ترەمپ پلانێک بۆ گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوەی غەززە دادەڕێژێت، لەگەڵ دامەزراندنی ناوچەیەکی ئابووری تایبەت.
- هیچ کەسێک ناچار ناکرێت غەززە جێبهێڵێت و ئەوانەی دەیانەوێت بڕۆن یان بگەڕێنەوە، ئازاد دەبن.
- ئیسرائیل غەززە بە خاکەکەیەوە نالکێنێت و داگیرشی ناکات، سوپای ئیسرائیل دەکشێتەوە کاتێک هێزێکی سەقامگیرکەری نێودەوڵەتی کۆنترۆڵی غەززەی گرتە دەست.
- ئەگەر حەماس ئەم پێشنیازە دوا بخات یان ڕەتیبکاتەوە، ئۆپەراسیۆنەکانی هاوکاری بۆ ناوچە بێ تیرۆرەکان بەردەوام دەبێت.
قۆناغی سێیەم: هاوکاریی مرۆیی و ئاسایشی نێودەوڵەتی
- لەگەڵ قبووڵکردنی ڕێککەوتنەکە، هاوکاریی تەواو و دەستبەجێ ڕەوانەی غەززە دەکرێت، کە هاوشێوەی ڕێککەوتنی 19ی کانوونی دووەمی 2025، دەبێت بۆ نۆژەنکردنەوەی ژێرخان و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان.
- گەیاندن و دابەشکردنی هاوکارییەکان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسەکانی، مانگی سوور و دامەزراوە نێودەوڵەتییە بێ لایەنەکانەوە دەبێت، و دەروازەی ڕەفەحیش بە هەمان میکانیزم کراوە دەبێت.
- هاوبەشە هەرێمییەکان گەرەنتی دەدەن کە حەماس و لایەنەکانی دیکە پابەندی ئەرکەکانیان دەبن و غەززەی نوێ هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر دراوسێکانی دروست ناکات.
- ویلایەتە یەکگرتووەکان لەگەڵ هاوبەشە عەرەبی و نێودەوڵەتییەکان کار دەکات بۆ پەرەپێدانی "هێزێکی کاتیی سەقامگیرکردنی نێودەوڵەتی" بۆ بڵاوەپێکردنی دەستبەجێ لە غەززە. ئەم هێزە لەگەڵ پۆلیسی فەڵەستینی هەڵبژێردراو و بە ڕاوێژ لەگەڵ ئوردن و میسر کار دەکات بۆ ئاسایشی ناوخۆیی و سنوورەکان، و ڕێگری لە چوونەژوورەوەی تەقەمەنی دەکات.
قۆناغی چوارەم: ئاسۆیەکی سیاسیی درێژخایەن
- پرۆسەیەکی گفتوگۆی نێوان ئایینەکان دادەمەزرێت بۆ پەرەپێدانی لێبووردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە، بە ئامانجی گۆڕینی بیرکردنەوە و گێڕانەوەکان.
- لەگەڵ پەرەپێدانی غەززە و جێبەجێکردنی پرۆگرامی چاکسازی دەسەڵاتی فەڵەستین، مەرجەکان بۆ ڕێگایەکی باوەڕپێکراو بۆ خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین و دەوڵەتبوون، کە ئاواتی گەلی فەڵەستینە، دەستەبەر دەکرێن.
- ویلایەتە یەکگرتووەکان گفتوگۆیەک لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینییەکاندا دامەزرێنێت بۆ ڕێککەوتن لەسەر ئاسۆی سیاسی بۆ پێکەوەژیانێکی ئاشتییانە و گەشەسەندوو.