میکانیزمی پێدانی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە لایەن بەغداوە بە کۆمپانیاکان ئاشکرا دەکرێت

کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان، تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن بەغداوە بە کۆمپانیاکانی ئەندام لە کۆمەڵەکە ئاشکرا دەکات و دەڵێت: بەغدا 16 دۆلار بۆ تێچووی گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوت دەداتە کۆمپانیاکان.

چوارشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2025، کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند، حکوومەتی عێراق قەرەبووی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە، دەکاتەوە.

ئاماژەی بەوەش دا، بازرگانێکی دیاریکراوی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان نەوتەکە دەفرۆشێت و شایستەی کۆمپانیاکان لە هەژماری ئێسکرۆی تایبەت بە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان دادەنێت. ئەوەش پێدانی پارە بە کۆمپانیاکان زامن دەکات.

ئەپیکور دووپاتیشی کردەوە، وەزارەتی دارایی عێراق 16 دۆلار بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوت دەداتە کۆمپانیاکان.

کاتژمێر 6ـی بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە 27ـی ئەیلوولی 2025، دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرا. میکانیزمەکەش بەم شێوەیە؛ هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 190 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکات.

ڕۆژی پێنجشەممە 25ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دابوو، لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیا نەوتییەکان، بۆ مەبەستی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە ڕێککەوتین.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment