هەرێمی کوردستان بۆ عێراق: هاوشێوەی دۆسیەی نەوت، پرسی داهاتی نانەوتیش یەکلایی بکرێتەوە

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، جەخت لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هاوبەش لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ لەسەر داهاتە نانەوتییەکان دەکاتەوە. هەروەها داواش دەکات هیچ پاساو و بەربەستێک نەکرێتە بیانوو بۆ کێشەی مووچە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

بارودۆخێکی داراییی نوێ لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ هاتووەتە ئاراوە

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ڕاپۆرتێکی تایبەت بە بارودۆخی داراییی نوێی هەرێم لە ڕووی داهات و خەرجییەکان بە زانیاری و ژمارەی ورد خرایەڕوو کە لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری ئامادە کرابوو، لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە درابوو، کە دوای ڕێککەوتنی سێقۆڵیی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، بارودۆخێکی داراییی نوێ لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ هاتووەتە ئاراوە کە پێویست بە پێداچوونەوە و خۆڕێکخستنەوە دەکات.

ئەنجوومەنی وەزیران پشتیوانیی خۆی بۆ بەردەوامبوون لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە، کە لە ڕۆژی 27ـی ئەیلوولی 2025ـەوە کەوتووەتە واری جێبەجێکردن و لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، بە تێکڕايی ڕۆژانە 195 هەزار بەرمیل نەوت، لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، لە لایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە، ڕادەستی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی سۆمۆ کراوە و لە بازاڕی جیهانی فرۆشراوە و داهاتەکەی گەڕاوەتەوە بۆ گەنجینەی فیدڕاڵ.

بەغدا بەردەوام بێت لەسەر جێبەجێکردنی پابەندیی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان

ئەنجوومەنەکە هیوای خواست کە حکوومەتی فیدڕاڵیش بەردەوام بێت لەسەر جێبەجێکردنی پابەندیی خەرجکردنی مووچە و شایستەکانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئابی ساڵی 2025 و مانگەکانی تر، وەک ناوچەکانی دیکەی عێراق.

سەبارەت بە بابەتی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی، ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دووپاتکردنەوەی پابەندیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە هاوبەشی پێکردنی داهاتە نانەوتییەکان لەگەڵ وەزارەتی داراییی فیدراڵ، لە هەمان کاتدا جەخت دەکاتەوە لە هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە پشتبەستن بە هەردوو ماددەی 29 لە یاسای بەڕێوەبردنی داراییی فیدڕاڵی ژمارە 6 ساڵی 2019 و ماددەی 21/دووەم لە یاسای بودجەی فیدڕاڵ کە بە دەقی یاسایی ڕوون و ئاشکرا، بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی لە داهاتە نانەوتییەکان دیاری کردووە.

بە پێی ڕاگەیەنراوەکە، سەرەڕای جەختکردنەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، لەسەر گرنگی ڕەچاوکردنی ئەوەی کە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەکی بۆ هەرێم خەرج نەکردووە بۆ خەرجییەکانی بەکاربردن و وەبەرهێنانی هەرێم سەرەڕای هەبوونی تەرخانکراوی پێویست لە ناو خشتەکانی یاسای بودجەی فیدڕاڵ کە ساڵانە زیاتر لە 4 ترلیۆن دینارە، بۆیە ناچار هەرێمی کوردستان لە داهاتی ناوخۆی خۆی، ئەم خەرجییانەی ئەنجام داوە لە دوای داشکاندنی مانگانەی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی، وردەکاریی خەرجی و داهاتی هەرێمیش بە شێوەیەکی زۆر ڕوون و ئاشكرا، لە چوارچێوەی تەرازووی پێداچوونەوە، مانگانە بۆ وەزارەتی داراییی فیدڕاڵ نێردراوە و لەلایەن دیوانی چاودێریی داراییی فیدڕاڵ و هەرێمیش لە سەرەتای ساڵی 2023 ەوە بە بەردەوامی وردبینی بۆ کراوە.

جەخت لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هاوبەش لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ لەسەر داهاتە نانەوتییەکان دەکەینەوە

 

ئیتر هیچ پاساو و بەربەستێک، نەکرێتە بیانوو بۆ کێشەی مووچە

ئەنجوومەنی وەزیران، داواکارە لە حکوومەتی فیدڕاڵ کە شاندی دانوستانکاری هەردوو حکومەت، لە ژێر سەرپەرشتیی لیژنەی وەزاریی پێکهاتوو بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ، بەردەوامی بە کۆبوونەوەکانیان بدەن بۆ گەیشتن بە ڕێكکەوتنێکی هاوبەش تا لە نزیکترین دەرفەتدا، هاوشێوەی دۆسیەی نەوت، دۆسیەی داهاتی نانەوتیش یەکلایی بکرێتەوە و ئیتر هیچ پاساو و بەربەستێک، نەکرێتە بیانوو بۆ کێشەی مووچە.

بڕیارێکی پێشووی ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان هەڵوەشێنرایەوە

بڕگەی دووەم تایبەت بوو بە پێشنیازێکی وەزارەتی داد بۆ هەڵوەشاندنەوەی کارکردن بە بڕیارێکی پێشووی ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان، چونکە بڕگەکانی لەگەڵ یاسای نوێی فرۆشتن و بەکرێدانی مووڵک و ماڵی دەوڵەت ژمارە 1ـی ساڵی 2021 ناگونجێت.

دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجوومەنی وەزیران دەنگی لەسەر هەڵوەشاندنەوەکە دا.

لە بڕگەی سێیەمدا، ڕاپۆرتێک لەبارەی (ڕێبەری سەلامەتی) پێشکەش کرا کە ئامانجی ئەم ڕێبەرە پاراستنی گیان و سامانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ ئامادە کراوە.

ڕێبەری سەلامەتی بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرا

ڕێبەری سەلامەتی؛ بریتییە لە کۆمەڵێک پێوەر و ڕێنمایی کە بە مەبەستی پاراستنی ژیان و سامانی هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی ژینگەیەکی سەلامەت و پارێزراو لە کۆمەڵگەدا دانراون و بەپێی ئەم ڕێبەرە پێویستە لە دروستکردنی باڵەخانە و کارگە و پڕۆژەی گەورە و بچووک پێویستە ڕەچاوی مەرجەکانی سەلامەتی بکرێت.

ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە تیمی ئامادەکاری ڕێبەری سەلامەتی و کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ، ڕێبەری سەلامەتی بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرد و دەسەڵاتيشی بە وەزیری ناوخۆ دا بۆ دەرکردنی ڕێنماییی پێویست بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنی ڕێبەری سەلامەتی.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment