چەوەندەری ورمێ؛ هۆکارێک بۆ وشکبوونی دەریاچەکە و بەتاڵیی گیرفانی جووتیاران
ئەمساڵ جووتیارانی پارێزگای ورمێ مانگێک زووتر دەستیان کرد بە هەڵگرتنەوەی چەوەندەر لە کێڵگەکانی ئەم پارێزگایە. بەهار و هاوینی بێباران و کەمئاوی لە ناوچەکە و دابەزینی ئاستی ئاوی بەنداوەکان و نەمانی ئاو بۆ کشتوکاڵ، بوونەتە هۆی ئەوەی چەوەندەرەکان باش پێ نەگەن و ئەگەر پێشوەختە لە خاک دەرنەهێنرێن ڕەنگە بەشی زۆریان خەسار بێت.
نزیکەی سی هەزار هێکتار لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی پارێزگای ورمێ ئەمساڵ بۆ بەرهەمهێنانی چەوەندەر تەرخان کراوە و پێشبینی دەکرێت بەرهەمی چەوەندەری ئەمساڵی ئەم پارێزگایە ملیۆنێک و 800 هەزار تۆن بێت. ئەمەش بەراوەرد بە ساڵی ڕابردوو، 300 هەزار تۆن کەمی کردووە. سەرباری ئەم دۆخە خراپەی کەشوهەوا، کارگەکانی قەند و شەکری پارێزگاش کە چەوەندەر دەکڕنەوە، حەقی جووتیاران بە تەواوی نادەن.
قادر سووڵتانی، جووتیار، بە کوردستان24ـی گوت: وشکەساڵی و کەمیی ئاو بەرهەمی چەوەندەری ئەمساڵی کەم کردووە، بە جۆرێک هیچ سوودێکمان پێ ناگات و تەنانەت بەشی کرێی کرێکارانیش ناکات.
پارێزگای ورمێ شەش کارگەی گەورەی بەرهەمهێنانی قەند و شەکری لێیە کە ڕۆژانە 21 هەزار تۆن چەوەندەر لە جووتیاران دەکڕنەوە.
مستەفا سوڵتانی، جووتیار، دەڵێت: سەرەڕای کەمیی بەرهەم و وشکەساڵی و زەحمەتە زۆرەکانی ئێمە، کارگەکانی قەند و شەکری پارێزگای ورمێ، لە کاتی وەرگرتنی بەرهەمەکاندا، خراپ مامەڵەمان لەگەڵ دەکەن و هەقی خۆمان بە تەواوەتی نادەنێ.
سابیر ئەحمەدی، کە چەند ساڵێکە ئامێرێکی بۆ هەڵگرتنەوەی چەوەندەر دروست کردووە و لەم وەرزەدا چەوەندەری جووتیاران هەڵدەگرێتەوە دەڵێت: دۆخەکە وای لێ هاتووە بەزەییم بە جووتیاراندا دێتەوە.
پارێزگای ورمێ 35٪ی کۆی چەوەندەری تایبەت بە قەند و شەکری ئێران بەرهەم دێنێت. بەرهەمهێنانی ئەم بڕە زۆرە کە ئاوێکی زۆری پێویستە، بەشێکی زۆر لە ئاوی پارێزگاکە بۆ خۆی ڕادەکێشێ و ئەمەش یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی وشکبوونی دەریاچەی ورمێ، کە ئەگەر چارەسەرێکی خێرای بۆ نەدۆزرێتەوە، تا چەند ساڵی دیکە هەموو ئەو زەوییانە دەکاتە شۆرەکات و ئیدی کەڵکی کشتوکاڵیان نامێنێت.