وەزارەتی پلاندانانی هەرێم داتاکانی بازاڕی کار دەکات بە دیجیتاڵی

سیروان محەممەد، بریکاری وەزارەتی پلاندانان
سیروان محەممەد، بریکاری وەزارەتی پلاندانان

وەزارەتی پلاندانانی هەرێم، بە هاوکاریی لەگەڵ ڕێکخراوی کاری جیهانیی، سیستەمێکی دیجیتاڵی بۆ کۆکردنەوە و ڕێکخستنی سەرجەم داتاکانی پەیوەست بە بازاڕی کار، دروست دەکات.

سیروان محەممەد، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان، بە ڕێناس عەلی، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ماوەیەکە لەگەڵ ڕێکخراوی کاری جیهانی سەرقاڵی گفتوگۆین بۆ دروستکردنی سیستەمێکی دیجیتاڵی گشتگیر، بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم ئەو داتا و زانیارییە تایبەتیانەی بازاڕی کار. وەکو دەستی کار و ئەو پیشانەی کە لە بازاڕی کاردا پێویستن."

بریکاری وەزارەتی پلاندانان گوتیشی: پاش ئیمزاکردنی ڕێککەوتن لەگەڵ ڕێکخراوی کاری جیهانی، تیمێکی هاوبەش لە وەزارەت و ڕێکخراوەکە دەست بەکار دەبن و بڕیارە تا کۆتایی ساڵی 2027، سیستەمەکە ئامادە بکرێت.

سیروان محەممەد، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ئەو داتا و زانیارییانەی لە سیستەمەکەدا دادەنرێن، بریتین لەو پیشە و کارانەی لە کەرتە تایبەتی و حکوومییەکاندا پێویستن، لەگەڵ تایبەتمەندیی و ئاستی ئەوانەی بەدوای کاردا دەگەڕێن، وەک بڕوانامە، شارەزایی و توانایی و هتد..

بریکاری وەزارەتی پلاندان، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: سەرەتا تەنیا تیمی تایبەتیی وەزارەتەکەمان و ڕێکخراوی کاری جیهانی بەشداری لە دروستکردنی سیستەمەکەدا دەکەن، بەڵام دواتر لەگەڵ وەزارەتەکانی دیکە، بۆ دەوڵەمەندکردنی سیستەمەکە هاوکاریی دەکەین. بێگومان سیستەمەکە بەردەوام نوێ دەکرێتەوە و زانیاری داتاکانی بە گوێرەی پێویست دەگۆڕدرێن.

 
Fly Erbil Advertisment