کەرتی پیشەسازی عێراق لە دۆخێکی خراپدایە

کەرتی پیشەسازی عێراق لە دۆخێکی خراپدایە و داوای هاوکاریی و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

بەرپرسانی عێراق دەیان جار بەڵێنی پشتیوانیکردنی کەرتی پیشەسازییان داوە، بەڵام بەڵێنەکانیان تەنیا لە چوارچێوەی قسەی بێکردار ماوەتەوە. خاوەن کارگە و پیشەوەران دەڵێن؛ حکوومەت لە هیچ ڕوویەکەوە هاوکارییان ناکات، خەڵکیش بەرهەمی ناوخۆیی ناکڕن، ئەوەش گەورەترین بەربەستی گەشەی پیشەسازی ناوخۆییە.

وەبەرهێنەرەکانیش دەڵێن؛ دەیانەوێت لە عێراق هاوشێوەی هەرێمی کوردستان مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، چونکە ژینگەی هەرێمی کوردستان نموونەییە.

زیاتر لە 20 ساڵ تێپەڕیوە و کەرتی پیشەسازی عێراق لە دۆخێکی خراپدایە، سەرەڕای هەوڵەکانی ئەم دواییانە بۆ چاکسازیکردن تیایدا. کەرتی پیشەسازی هێشتا پێویستی بە کاری زۆر هەیە. لێرە لەم هۆڵەدا بەشێکی زۆر لە کۆمپانیا و کەرتە پیشەسازییەکان کۆبوونەتەوە و باس لە گرنگی پەرەپێدانی کەرتی پیشەسازی دەکەن بۆ ئەوەی هەلی کار بۆ خەڵک بڕەخسێنرێت. هەندێکیان باس لە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان دەکەن، چونکە ئەزموونەکەی نموونەییە لە پشتیوانی پیشەسازی و داوادەکەن پێکەوە لەگەڵ هەرێم کاربکەن.

عەبدولئەمیر کەعبی، خاوەن کار، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کەرتی پیشەسازی ماوەیەکی زۆرە پشتگوێخراوە، ئەوەش بەهۆی کەمتەرخەمی بەرپرسەکانەوە، هەروەها بە شێوەیەکی گونجاو کاری تێیدا نەکراوە. بەڵام لای هەرێمی کوردستان ئاسایش و سەقامگیری هەیە و دەمانەوێت لەگەڵیان کاربکەین، هەروەها، لای هەرێم ساختەکاری و قۆرغکاری نییە. لە ڕاستیدا پێمانباشە هەماهەنگی لەگەڵ وەبەرهێنەرەکانی هەرێم بکەین.

گرنگترین ئەو بەربەستانەی ڕووبەڕووی کەرتی پیشەسازی بوونەتەوە کەلوپەلی هاوردەن، چونکە کاریگەرییان لەسەر بەرهەمی ناوخۆیی دروستکردووە، ئەوە جگە لە کێشەکانی دیکە.

عەقیل ئەحمەد، ئەندامی یەکێتیی پیشەوەران دەڵێت: "پشتیوانیکردنی کارگەی ناوخۆیی پێویستی بە هەندێک شتە، لەوانەش ڕاگرتنی هاوردەی کەلوپەل بە تایبەتی ئەوانەی کوالێتییان خراپە، ئەوە لەگەڵ دابینکردنی سووتەمەنی و دابینکردنی زەوی بۆ کارگە گەورەکان."

ئەحمەد کازم، وەبەرهێن، دەڵێت: "پێویستمان بە پشتیوانی حکومەتە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە هاووڵاتیان پشتیوانمان بن، ئەوەش لە ڕێگەی کڕینی بەرهەمی ناوخۆیی. هاووڵاتیان دەتوانن لە جێگەی بەرهەمی هاوردە بەرهەمی خۆماڵی بکڕن، چونکە هاوردە کوالێتی باش نییە و هی خۆمان زۆر باشترە."

سەرەڕای بەڵێنی چەندبارەی بەرپرسان بۆ پشتیوانیکردنی کەرتی پیشەسازی، بەڵام هێشتا کەرتەکە بەدەست چەندین کێشەوە دەناڵێنێت. سەدان کارگەی گەورە و بچووک لە ساڵی 2003وە لە کارکردن وەستاون.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment