هاووڵاتییانی پیرەمەگروون داوای دەرمانخانەی 24 کاتژمێری دەکەن

لێژنەی تەندروستیی قائیمەقامیەتیی سلێمانی سەردانی نۆرینگە و دەرمانخانەکانی پیرەمەگروونی کرد و چەند دەرمانخانەیەک سزادران.

لێژنەی تەندروستیی سەر بە قائیمەقامیەتیی سلێمانی، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ چاودێریکردنی کەرتی تەندروستی، سەردانی ژمارەیەک نۆرینگە و دەرمانخانەی لە شارۆچکەی پیرەمەگروون کرد. بەهۆی دۆزینەوەی سەرپێچی و پابەند نەبوون بە ڕێنماییەکان، چەند دەرمانخانەیەک سزادران و دەست بەسەر بڕێکی زۆر دەرمانی نایاساییدا گیرا.

کاردۆ وەهبی، ئەندامی لێژنەی باڵای هاوبەشی قائیمەقامیەتی سلێمانی، بە هاوژین جەمال، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "لە کاتی سەردانەکانماندا، چەندین سەرپێچیمان تۆمار کرد و پسوولەی سزای پێویستمان بۆ ئەو شوێنانە بڕی کە پابەند نەبوون. هەروەها، دەستمان بەسەر ژمارەیەکی زۆر دەرمانی نایاسایی و گومانلێکراودا گرت".

لە لایەکی دیکەوە، هاووڵاتییانی دانیشتووی پیرەمەگروون ناڕەزایی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە خزمەتگوزارییە تەندروستیییەکان. ئاکام عەلی، یەکێک لە هاووڵاتییان، ئاماژەی بەوەدا "پێویستە دەرمانخانەی 24 کاتژمێری لە شارۆچکەکەدا هەبێت، چونکە تەنیا یەک نەخۆشخانە شەوانە کراوەتەوە و هەموو جۆرە دەرمانێکیان نییە. ئەگەر بە شەو درەنگ پێویستیت بە دەرمانێک بێت، هیچ دەرمانخانەیەک نەکراوەتەوە".

ڕۆستەم عەزیز، هاووڵاتییەکی دیکەی پیرەمەگروون، جەختی لەوە کردەوە "زۆرینەی دەرمانەکان باشن، بەڵام هەندێکیان کوالیتی باشیان نییە."

سەرەڕای ئەم سەرپێچی و ناڕەزاییانە، کەرتی تەندروستیی لە شارەدێ و شارۆچکەکانی دەرەوەی شار گرنگییەکی زۆری هەیە، بەوپێیەی پەیوەستە بە ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییانەوە. لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامن لە چاودێریکردنی نۆرینگە و دەرمانخانەکان، بە ئامانجی دڵنیابوون لەوەی کە خزمەتگوزارییە تەندروستیییەکان بە شێوەیەکی زانستی و ستانداردی گونجاو پێشکەش دەکرێن.

 
Fly Erbil Advertisment