ئیسرائیل چالاکوانەکانی "کەشتی خۆراگری" دیپۆرت دەکاتەوە

هێزی دەریایی ئیسرائیل دەستی بەسەر بەشی زۆری یەختەکانی چالاکوانانی کەشتی خۆراگری داگرتووە و بڕیاریداوە دیپۆرتی ئەوروپایان بکاتەوە. 

"کەشتی خۆراگری" لە 45 یەخت پێکهاتووە و مانگی ڕابردوو گەشتەکەیان بەرەو غەزە دەستپێکرد، سوپای ئیسرائیل دوێنێ چوارشەممە، 1 ـی تشرینی یەکەمی 2025 دوای ئەوەی یەختەکانی ئاگادار کردەوە لەوەی نەیەنە ناو ئاوی وڵاتەکەوە، یەک لە دوای یەک دەستیبەسەریاندا گرت.

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند: ڕێگا نەدرا هیچ کام لەو یەختانەی کە حەماس پاڵپشتیان دەکات بێنە ناو ناوچەی شەڕ و گەماڕۆی دەریایی ئیسرائیل بشکێنن، وەزیرە ئیسرائیلییەکە رایشیگەیاند، یەک یەختی کەشتیەکە ماوە، گەر نزیک بێتەوە دەستبەسەر ئەویشدا دەگیرێت.

لەو بارەیەوە وەزیری دەرەوەی یۆنان گوتی: 39 یەختی کەشتی لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستیان بەسەردا گیراوە و گواستراونەتەوە بەندەری شاری ئەشدوود، وەزیرە یۆنانییەکە ئاماژەی بەوەشدا کە، سەرجەم سەرنشینانی کەشتیەکە سەلامەتن و بەهیچ شێوەیەک ئازار نەدراون.

کەشتیەکە مانگی ڕابردوو کەناری ئاوی ئیسپانیایان جێهێشت و بەرەو غەزە بەڕێکەوتن، وەک خۆیان دەڵێن، "ئامانجیان کۆتایی هێنانە بەو گەمارۆیەی ئیسرائیل خستوویەتییە سەر غەززە"، چالاکوانی بەناوبانگی سویدی، گریتا یەکێکە لە سەرنشینانی کەشتیەکە.

 
Fly Erbil Advertisment