گرووپە چەکدارەکان ناوی خۆیان گۆڕیوە و بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن

چەند گرووپێکی چەکداری عێراقی کە پێشتر خراونەتە نێو لیستی تیرۆری ئەمەریکا، بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکەن و هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکاندا پێکدەهێنن.
ڕۆژی 17ـی مانگی ئەیلوولی ڕابردوو، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هەریەک لە بزووتنەوەی نوجەبا، کەتائیبی سەید شوھەدا، بزووتنەوەی ئەنساڕوڵڵای ئەوفیا، کەتائیبی ئیمام عەلی سەر بە حەشدی شەعبی خستە نێو لیستی "ڕێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکان" و ئێستا سێ لەم گرووپە چەکدارانە لەژێر ناوی جیاجیا وەک باڵی سیاسی لە ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا بەشدارن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەدابوو، " ئێران پشتیوانی لەو گرووپە چەکدارانە دەکات بۆ ئەوەی هاوکاری بن لە پلان و هێرشەکانی لە ناوچەکەدا".
سەیدوشوھەدا بەناوی "مونتەسیرون" ، کەتائیبی ئیمام عەلی لەژێر ناوی "بزووتنەوەی عێراقی ئیسلامی" ، بزووتنەوەی ئەنساڕوڵڵای ئەوفیا بەناوی "بزووتنەوەی سدق و عەتا" لە ھەڵبژاردنەکاندا بەشدارن، بەڵام بزووتنەوەی نوجەبا، تا ئێستا باڵی سیاسی بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکاندا تۆمار نەکردووە، سەرەڕای لێکتێگەیشتنی لەگەڵ ژمارەیەک کاندید.
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیارە لە 11ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت کە بەپێی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، 7926 کەس لە سەرانسەری عێراقدا خۆیان کاندید کردووە و کێبڕکێ لەسەر کورسییەکانی پەرلەمان دەکەن.